لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)ـی جولەمێرگ لە نووسینگەی یاسایی جولەمێرگ بە بەشداری نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، ١٢هەمین کۆنگرەی ئاسایی بەست. لە کۆنگرەکەدا پەیای هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) لەیلا گوڤەن کە لە زیندانی سینجان ڕاگیراوە، خوێنرایەوە.
لە پەیامەکەیدا لەیلا گوڤەن ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو ئێش و قوربانیدانەکان، گەلی جولەمێرگ هەردەم پێداگربووە لەسەر ژیانی ئارام و مرۆڤانە، گوتی: "ئیدی کاتی ئەوەیە، ئەو فرمێسکانەی بۆ ئاشتی ڕژاون، بگۆڕین بۆ فرمێسکی خۆشی و شادی. دەرفەتێکی مەزن هاتە بەردەممان، بەڕێز ئۆجالان لەم ڕووەوە، ڕێگەیەکی گرنگی کردەوە. دەبێت دەوڵەت بە هەنگاونان جددییەتی خۆی نیشان بدات و نیگەرانییەکی گەل بڕەوێنێتەوە، لە گرنگترین هەنگاوەکانیش ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشە. بەمەش دەتوانێت، بۆ تەواوی گەلانی تورکیا، پێکەوەژیانی یەکسان و شکۆدار و دادپەروەرانە بڕەخسێنێت. دەتوانێت زەمینەی جیاکاری و گرژی کۆتایی پێ بهێنێت. ئەمەش دیموکراسی بۆ هەمووان دەهێنێت. دەتوانین پێکەوە کۆمارێکی دیموکراتیک بنیات بنێین".
هاوسەرۆکی لقی ئیهەدەی جولەمێرگ، سیبەل چاپراز ڕایگەیاند بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە گرنگ و شکۆدارن، گوتی: "بانگەواز لە دەوڵەت دەکەین، بەرپرسیارێتی خۆی دەربارەی پرۆسە نوێیەکە جێبەجێ بکات".
پەرلەمانتاری دەم پارتی، وەزیر جۆشکون پارلاک ڕایگەیاند کۆنگرەکەی پەکەکە دەرفەتێکی مەزنە و دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن.
لە کۆنگرەکەدا هەڵبژاردن کرا، سیبەل جاپراز و ئۆزان ئاکباش وەک هاوسەرۆکانی لقی ئیهەدەی جولەمێرگ هەڵبژێردران.