مۆلی دلامینی: دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

مۆلی دلامینی باسی لەوەکرد کە دەبێت رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و وتی: "گەلی ئەفریقای باشور و گەلی کورد لەپێناو چارەنوسیان تێکۆشاون. پشتیوانی لە گەلی کورد کە لەپێناو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، کولتور و زمانی خۆی تێدەکۆشێت".

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری کاروباری نێونەتەوەیی ١٥هەمین کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی ئەفریقای باشور مۆلی دلامینی کە بەشداری لە ٣٢هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوری کوردی لە فرانکفۆت کردبوو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی: "پشتیوانی لە دۆزی گەلی کورد ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن".

'دەبێت ئیتر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت'

دلامینی باسی لەوەکرد کە بۆ دەربڕینی ئەو پاڵپشتییە بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوری کورد کردووە و رایگەیاند، "بەڕای من هاتنمان بۆ ئێرە زۆر گرنگە. چونکە ئێمە و گەلی کورد لە پێناو چارەنووسمان تێدەکۆشین ئێمە پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەین کە لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، کولتور و زمانەکەیدا تێدەکۆشێت".

'گۆشەگیری پێشێلکردنی مافی مرۆڤەکانە'

دلامینی ئاماژەی بە گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زینداندایە. گۆشەگیری ٢٥ ساڵ، ماوەیەکی زۆرە. وەک دەزانرێت نێلسۆن ماندێلاش هێندەی ئەوە لە زینداندا راگیرابوو، بەڵام وەک عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیریدا نەبوو. لانیکەم هەندێک کەسی لەگەڵدابوو. عەبدوڵا ئۆجالان لە ناو زیندانی دوورگەکە ؛لە ناو گۆشەگیریدا راگیراوە. ئەوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. گەلی ئەفریقای باشور بە توندی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، ئێمە دەمانەوێت و داوادەکەین عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و ئەم دۆزە بگاتە ئەنجام و چارەسەر."

'ئێمە پشتیوانی تێکۆشانی گەلی کوردین و لەگەڵیداین'

لە درێژەی قسەکانیدا دلامینی بە ئاماژەدان بە تێکۆشانی گەلی ئەفریقای باشور و گەلی کورد لەپێناو زمان و کولتورەکەیان وتی، "نکۆڵیکردن لە کولتور و زمان، پێسێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، ئێمەش لە ئەفریقای باشور لە پێناو زمان و کولتورەکەمان تێکۆشاوین، هەربۆیە پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی کورد دەکەین لەپێناو کولتور و زمانەکەیدا. داوا لەهەموو ئاشتیخوازان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە پشتیوانی دۆزی کورد بکەن بۆ ئەوەی کوردەکان بتوانن بە کولتور، ئایین، نەریت، زمان و جلوبەرگی خۆیانەوە بە شێوەیەکی ئازادانە بژین".

'زمان ناسنامەی مرۆڤەکانە'

دلامینی بەبیری هێنایەوە کە مانگی ئەیلول لە ئەفریقای باشور مانگی میرات و کەلەپورە و ئێمە لە گرنگی میرات، کولتور و زمان تێدەگەین. کاتی خۆی ئێمە لە دژی قەدەغەکردنی زمانەکەمان لە خوێندنگەکان دەستیمان بە تێکۆشان کرد. دەبێت مرۆڤ ناسنامەی خۆی بپارێزێت، چونکە زمان ناسنامەی مرۆڤەکانە. پەیامی من بۆ گەلی کورد ئەوەیە کە هیوا نەدۆڕێنن. کاتی خۆی ئێمەش هیوامان لەدەست نەدا، دەیانگوت کە هەرگیز تێکۆشانەکەمان ناگاتە ئەنجام، بەڵام دواجار گەیشتە ئەنجام. بۆیە داوادەکەین گەلی کوردیش هیوای خۆیان نەدۆڕێنن، درێژە بە تێکۆشانیان لەپێناو مافەکانی مرۆڤ بدەن و پێداگرتربن لەسەر داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان".