ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و ئیدیتۆری گۆڤاری ژنۆلۆژی، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی، ناگیهان ئاکارسەل کە ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکرا، لە شاری بازلی سویسرا بە چالاکییەک یادکرایەوە.
چالاکییەکە لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بازل ئەنجامدرا، لە کەسێتی ناگیهان ئاکارسەل خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی تێکۆشانی شۆڕش پیشاندرا، وێنەی ناگیهان ئاکارسەل و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هۆڵەکە هەڵواسرا و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.
چالاکییەکە بە پانێڵێک دەربارەی تێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل دەستی پێ کرد.
ڕۆنی ئایلەم: ناگیهان کوردستان بوو
لە پانێڵەکەدا ڕۆژنامەنووس ڕۆنی ئایلەم ڕایگەیاند لە نزیکەوە ناگیهانی دەناسی، گوتی: "ناگیهان خاوەنی کەسێتییەک بوو، هەرگیز دەستی لە تێکۆشان هەڵنەدەگرت. ئەو ناگیهانەی من ناسیم، کوردستان بوو".
شوکران سنجار: ناگیهان ناوی گۆڕان و گۆڕانکاری بوو
پاشان سیاسەتمەداری کورد شوکران سنجار تیشکی خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ژنانی کورد لەسەر بناغەی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
هەروەها ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی مەزنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆڕانی ژنانی کورد، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی ژنانی کورد دژی دوژمن و زیهنیەتی پیاوسالار و ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا، گوتی: "ڕێکخستنی ژنان دژی زیهنیەتی ٥ هەزار ساڵەی پیاوسالاری کە ژنان قبووڵ ناکات، شەڕێکی مەزنی کرد. ناگیهان یەکێک بوو لەو پێشەنگانەی ئەم شەڕەی بەڕێوەبرد. ناگیهان ناوی گۆڕان و گۆڕانکاری بوو. لەسایەی تێکۆشانی ئەوان ئەمڕۆ درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە هیوای ژنانی جیهان".
ئەلیف کایا: تێکۆشانی ناگیهان ڕێنیشاندەرە بۆ ژنان
ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئەلیف کایا ڕایگەیاند ناگیهان هاوڕێی خەباتم بوو، پەیوەندیی بە ژیانەوە بەهێز بوو، هەروەها ڕایگەیاند دوژمن لە شەڕی دژی کورد هەردەم ژنان و جەستەی ژنانی کردووەتە ئامانج، گوتی: "هەڤاڵ ساکینە جانسز شەهیدکرا. دەوڵەتی تورک ژنانی کورد و تێکۆشانیان دەکاتە ئامانج. پەکەکە لە ژنان پێکدێت، ئەوەی پەکەکە دەکاتە پەکەکە، تێکۆشانی ژنانە. بەم هۆیەوە، دوژمنان ژنانی پێشەنگ شەهید دەکەن. پاش شەهیدکردنی ناگیهان بەباشی لەمە تێگەیشتین. ناگیهان خەباتی ژنۆلۆژی دەکرد، تاوەکو ژنان خۆیان و کەلتوورەکەیان بناسن خەباتی کرد. هەوڵیدا یەکێتی ژنانی کورد بنیات بنێت. ئەوان ئەمەیان بە مەترسییەکی مەزن بینی. کوشتنی ناگیهان ڕاستەوخۆ لە ئەنقەرە پلانی بۆ دانرا. ویستیان بە شەهیدکردنی ناگیهان پەیامێک بدەنە هەموو ژنان، شەهیدکردنی گوڵستان تاراش بەردەوامیی ئەم زیهنیەتەیە".
ئەلیف کایا ڕایگەیاند سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک، تێکۆشانی ژنانی کورد لە کوردستان و جیهان مەزنتر دەبێت، گوتی: "تێکۆشانی ناگیهان ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر دەبێت، تێکۆشانی ژنانی جیهان هیوا بە ئێمە دەبەخشێت و ڕێگەمان پێ نیشان دەدات".
نەجیبە قەرەداغی: ناگیهان میراتێکی مەزنی جێهێشت
پاشان لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، نەجیبە قەرەداغی گوتی: "ناگیهان ٣ ئەرکی بۆ ئێمە جێهێشت: باش تێبگەین ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ڕوویداوە، تێکۆشانەکەی بیربهێنینەوە، وەڵامی ئەم کۆمەڵکوژییە بدەینەوە. ئەگەر بەباشی تێبگەین بۆچی ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوویداوە، دەتوانین وەڵامێکی باشی ئەم کۆمەڵکوژییانە بدەینەوە".
نەجیبە ڕایگەیاند ناگیهان بەدەستی دەوڵەتی تورک و لە ئەنجامی خیانەت شەهیدکرا، ئەگەر خیانەت نەبوایە شەهید نەدەبوو، ئەوانەی ماڵی ناگیهانیان نیشاندا و سیخووڕیان کرد، خیانەتکاران بوون، نەوەک هەر ناگیهان، زانایەکی کوردیان شەهید کرد.
"بکوژانی ڕاستەقینە ئاشکرا بکەن"
دوای پانێڵەکە، دەسپێشخەریی نێونەتەوەیی دادپەروەریی بۆ ناگیهان ئاکارسەل داوای کرد بکوژانی ڕاستەقینەی ناگیهان ئاکارسەل و هێزەکانی پشتیان ئاشکرا بکرێن.
پاشان لەسەر ناوی بزووتنەوەی ژنانی کوردی سویسرا، سەلما سورەر تیشکی خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل، چالاکییەکە بە خوێندنەوەی شیعرەکانی ناگیهان ئاکارسەل و کۆنسێرتی مۆسیقای گرووپی کەوانی زێڕین کۆتایی هات.