پارێزەر ساریجا: عەبدوڵا ئۆجالان لە ژێر مەترسی هەموو جۆرە کردەوەیەکی خراپدایە

پارێزەر رێزان ساریجا رایگەیاند، شێوازی سزادان لە ئیمراڵی دەبێت وەک هێرشێک لەسەر ئەندێشە، وتە و داهێنەری هەڵبسەنگێندرێت.

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە رێزان ساریجا رایگەیاند کە گوشارێکی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەرونی و فکری دەخرێتە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەو رێگەیەوە دەخوازرێت کە لە رووی جەستەیی، رۆحی و فکرییەوە ئەو لاواز بکەن و وتی، نزیکەی ٢٥ ساڵە هەوڵ دەدەن ئەو ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام ناتوانن ئەوە بکەن.

رێزان ساریجا لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت بە شێوەیەکی یەکدەست و کۆنکرێتی راوەستە لەسەر سیستمی ئیمراڵی بکەن؛ دەستەی دیسپلین، دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری، داواکاری گشتی و دادگای جێبەجێ کردنی سزا رێگە و رێبازی جیاجیا دەسەپێنن. ساریجا بە بیری هێنایەوە کە دەوڵەت سزای هەتاهەتیی دژوارکراو لە بری سزای لەسێدارەدان دانا، بەڵام ئەوەشی بە بەس نەزانی، کەو رووەوە ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد: "سیاسەتێکی بەو جۆرە بەڕێوەدەبرێت کەو هەوڵ دەدرێت هەموو ساتێک، هەموو خولەکێکی زیندانیکردن بکاتە ساتی ستەم و چەوساندنەوە".

لە ماوەی ١٢ ساڵدا، ٥ کۆبوونەوەی پارێزەران

ساریجا بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠١١ بەردەوام سەردانەکانی خێزان و پارێزەر بە بڕیاری دیفاکتۆ و نایاسایی ڕێگرییان لێدەکرا و هەرگیز ڕێگەیان پێنەدرا دیدارەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدرێن، بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا واتە ماوەی ١٢ ساڵە جگە لە پێنج دیدار رێگە بە پاڕێزەران نەدراوە هیچ دیدارێکی دیکە ئەنجام بدەن. بنەماڵەکانیش لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سزای دیسپلینییەوە تەنها ٥ جار توانیویانە دیدار ئەنجام بدەن. دەمەوێت ئەوەبڵێم کە لەماوەی ئەم ٥ دیدارەشدا سزای دیسپلین هەبووە. لە ماوەی ٢٥ ساڵدا تەنیا توانیویەتی دوو جار بە تەلەفون پەیوەندی بە براکەیەوە بکات و هەرگیز رێگەی پێنەدراوە وبە تەلەفون قسە لە گەڵ پارێزەرانی بکات. لە لەماوەکانی رابردوودا کە کۆبوونەوەی بنەماڵەیی ئەنجام دەدرا، ڕێگەی پێنەدەدرا لەگەڵ براکەی بە زمانی کوردی قسە بکات. زۆر ڕۆژنامە هەرگیز رێگەنەدرا بگاتە دەستی، هەندێکیان تا ڕادەیەک سانسۆر کران کە نەدەخوێندرانەوە و بەو جۆرە پێیدران. سزای دیسپلینی دەدرا، ڕێگری لە پەیوەندی تەلەفۆنی و نامەنووسی دەکرا، بەڵام نامەی پڕ لە سووکایەتی و هەڕەشە پێدربوو بۆ ئەوەی بیانخوێنێتەوە. هەروەها ئەو کتێب و گۆڤارانەی کە لە لایەن سیستەمەوە قەبوڵ ناکرێن و دانیان پێدانانرێت، پێی نەدران. تەنانەت ئەو کتێبانەی کە ئەو دەقانەی تێدایە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان پێشکەشی دۆسیەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، بەهۆی قەدەغەکردنی دەستەی چاودێرییەوە پێی نەدرابوون. بۆ ماوەی ١٤ ساڵی یەکەم لە تەلەڤزیۆن بێبەش کرا، دوای ئەوەش تەنیا رێگە بە هەندێک کەناڵ درا کە سەیریان بکات، تەنانەت ڕادیۆی تاکە شەپۆلیش بە بیانووی جۆراوجۆر لێی سەندرایەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر پێینەدرا”.

مەترسی هەموو جۆرە مامەڵە و رەفتارێکی خراپ لە ئارادایە

ساریجا وتی، بە دڵنیاییەوە ئەم سیستمە سزا توندەی ٢٥ ساڵە بەردەوامە، زیانی جەستەیی و مەعنەوی زۆر بە کەسەکان دەگەیەنێت و ئاماژەی بەوەشکرد: گرنگترین بابەت بۆ کەسێکی زیندانیکراو پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ژیانییە. ئەمەش لە ڕێگەی ئەندامانی خێزان و پارێزەر و یاخود بە گوێرەی یاسا، بە سەردانی کەسوکار، هاوڕێ یان دۆستانی مسۆگەر دەبێت. ئەوم پەیوەندیانە لەگەڵ ژیان دەبێت رووبەڕوو بێت، هاوکات دەبێت بتوانێت لە ڕێگەی تەلەفۆن و نامەشەوە پەیوەندی بکات و زانیاری وەربگرێت. هەروەها زۆر گرنگە کە کەناڵەکانی پەیوەندی بینراو و بیستراو و نوسراو ئاگاداری جیهانی دەرەوە بێت. ئەو مافانە بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان سنووردار کراون یان بە تەواوی قەدەغە کراون. ئەمەش لەکاتێکدایە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە گرنگترین ڕۆڵی هەیە لە رێگریی لە مامەڵەی خراپ و یاخود مامەڵەی سزادانی نامرۆڤانە. ئەگەر ئەمە پێکنەیات، ئەوا کەسەکە رووبەڕوو مەترسی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی خراپەوە دەبێتەوە. ئەو شێوازانەی سزادان کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی بەردەوامن و تا دێت زیاتر دەبن، بۆ ئەوەن کە زیان بە لایەنی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ڕۆحی و فکری عەبدوڵا ئۆجالان بگەیەنن. ئامانجیش ئەوەیە کە عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕووی جەستەیی و رۆحییەوە لاواز بکرێت و لە رووی فکرییەوە چۆک دابدات. ئەو سزایانەی کە بەسەریدا دەسەپێندرێن دەبێت وەک هێرشێک لە دژی سیاسەت، وتە و هونەری بەرهەمهێنانی ئۆجالان هەڵبسەنگێندرێن".