پارێزەران بەمەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییان پێشکەش کرد

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە، بۆ ئەوەی بتوانن چاویان بە موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت، کە ٣٣ مانگە زانیاری لەبارەیەوە بەردەست نییە، سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە رازیە ئۆزتورک، رەزان ساریجا، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ و مەزڵوم دینچ بۆ ئەوەی بتوانن رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی باڵای ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی دژواردایە، ببینن سەردانی داواکاری کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

پارێزەران بەمەبەستی بینینی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش کە لە ئیمراڵی زیندانین، بە هەمان داواکارییەوە سەردانی داواکاریی گشتیی کۆماری و بەڕێوەبەرایەتی زیندانیان کرد.

داواکارییەکانی بنەماڵە و پارێزەران بە پاساوی "سزای دیسپلین" رەتدەکرێنەوە و رێگری لە دیدارەکانیان دەکرێت.

لە یەکێک لە دوا سەردانەکانی پارێزەران کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەنجامدرابوو، دادگا لە وەڵامی داواکاریی پارێزەراندا ئاشکرای کردبوو کە سزای دیسپلین بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەدا سەپێندراوەتەوە.

دادوەر ژمارەی دۆسیەی سزا ئاماژەبۆکراوەکە و پەڕاوەکانی بە پاساوی ئەوەی 'لە رگەیاندندا بڵاودەکرێنەوە' نیشان نەدابوو.

هـ . ب