پلاتفۆرمی ئایین و باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو دووپاتی کردەوە، بەشدار دەبن لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد کە ١٠ ی تشرینی یەکەم لە جیهاندا دەستی پێ کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
" سەرباری ئەشکەنجە و گۆشەگیریی دەوڵەتی تورک، عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەرداری دۆزی پیرۆزی ئاشتی نەبوو و سازشی نەکرد، دیدگایەکی پێشخست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بەتایبەتی لە کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتییانە. پێداگرییەکەی لەسەر ژیانێکی ئازاد و هاوبەش، پێگەی وی وەک پێشەنگی قۆناغ و سەردەمەکە هێندەی تر بەهێز کرد. ساڵانێک بەهۆی پاراستنی پێکەوەژیانی دڵخوازانەی گەلان و چارەسەری دادپەروەرانە و ئاشتی بەردەوام، ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی قووڵ و بەرفراوان بووییەوە.
ئەم گۆشەگیرییە لە بەر چاوی جیهاندا ڕوودەدات. گۆشەگیریی ڕێبەرێکی وەک بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، شەڕ لە کوردستان قووڵتر دەکاتەوە و دانوستانەکانی ئاشتی لەناو دەبات.
گۆشەگیری لەسەر ئەندازیاری ئاشتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، عەبدوڵا ئۆجالان، خزمەت بە بەردەوامیی شەڕ و ڕوخاندنی جڤاکی، سیاسی و قڕکردنی ئیکۆلۆژی دەکات.
بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و مەرگ بهێنرێت، پێویستە ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت. ئێمە سڵاو لە تێکۆشانی ئازادی جەستەیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەکەین کە لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەستی پێکردووە.
وەک پلاتفۆرمی باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا، لەو باوەڕەداین ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان وا دەکات دوژمنایەتی نێوان باوەڕەکان کە بەئەنقەست ئافرێنراوە، چیتر بسڕێتەوە و ژیانێکی هاوبەش بێتە دی.
عەبدوڵا ئۆجەلان باشترین ئاسۆیە بۆ ئەوەی گەل و باوەڕەکان لەنێو دادپەروەری و ئاشتیدا بژین. بەڵێن دەدەین بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئەم هەڵمەتە بین کە بۆ ئاشتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کردووە، هەروەها بۆ ئازادبوونی دەستبەجێی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشین.
دەمانەوێت ئەوەتان بیربخەینەوە کە بەشداریکردن لەم هەڵمەتە بۆ ئاشتی و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئایینییە بۆ هەموو باوەڕداران. ئێمە لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هیوای گەلەکەمان بۆ ئاشتی زیندوو دەکاتەوە.
بانگەواز لە هەموو باوەڕداران دەکەین ببنە دڵۆپێک ئاو بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ بنیاتنانی ئاشتی و دادپەروەری و خوشک و برایەتی نێو جڤاکەکان. ئێمە دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیەنین کە بەرزکردنەوەی ئەم داواکارییە و تێکۆشان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە بەرپرسیارێتییەکی ویژدانی و مرۆڤایەتی. گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی".
پلاتفۆرمی باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا لەم دامەزراوانە پێکدێت:
جڤاکی ئیسلامی کوردستان- جیک
فیدراسیۆنی عەلەوییە دیموکراتیکەکان- فێدا
کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدییەکان لە ئەوروپا
پلاتفۆرمی یارسانی ئەوروپا
پلاتفۆرمی هۆرامی ئەوروپا
جەبهەی فەیلی ئەوروپا