پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکی دایکانی شەممە، ٢٦ کەس دەستبەسەر کران
پۆلیس جارێکی تر هێرشی کردە سەر چالاکی دایکانی کە دەیانویست بچن بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای، ٢٦ کەس دەستبەسەر کران.
پۆلیس جارێکی تر هێرشی کردە سەر چالاکی دایکانی کە دەیانویست بچن بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای، ٢٦ کەس دەستبەسەر کران.
دایکانی شەممە بۆ زانینی چارەنووسی کەسوکارەکانیان و دادگایی کردنی تاوانباران، لە هەفتەی ٩٦٩ هەمین کۆبوونەوە و ویستیان لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای چالاکییەکەیان بکەن. هاووتەبێژی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (هەدەکە) و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ)، جەنگیز چیچەک، جەلال فورات، ئۆزگول ساکی، سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئەرکان کەسکین و چەندەها کەسی تر بەشداری چالاکییەکە بوون.
شەقامی ئیستیقلال و سەرجەم ئەو شەقامانەی کە بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای دەچن لەلایەن پۆلیسەوە داخران. جەماوەری دایکانی شەممە کە دەیانویست بچنە گۆڕەپانی لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا. سەرەڕای بڕیاری "پێشێلکاری" دادگای مافی مرۆڤ (AYM)، پۆلیسیش بڕیاری "قەدەغەکردن"ی پارێزگای بیئۆغلوی بە پاساو هێنایەوە و ڕێگری لە چالاکی دایکان کرد. جەماوەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرابوون. هەروەها ئەو ڕۆژنامەوانەی کە دەیانویست وێنەی گەمارۆکە بگرن، دوور خرانەوە.
پەرلەمانتارانی هەدەپ ناڕازەییان بەرامبەر پۆلیس دەربڕی و دەستنیشانیان کرد ئەم ڕێگرییە تاوانێکی دژی دەستوورە و ئەوان هەردەم لەتەنیشت دایکانی شەممە دەبن.
دایکانی شەممە، لەسەر هەژماری خۆیان لە میدیای دیجیتاڵ ناڕەزایەتییان بەرامبەر پۆلیس نیشاندا و گوتیان: " قەڵغانەکان بەس نەبوون، ئەمجارەیان بە ئۆتۆمبێلی دەستبەسەرکردن هەڤاڵەکانمان گەمارۆدران. کەس ناتوانێت ببێتە شاهیدی ئەوەی لە نێو گەمارۆکەدا چی دەقەومێت. ئێمە نیگەرانین".
دواتر پۆلیس ٢٦ دایک و پارێزەری مافی مرۆڤی کەلەپچە کرد و دەستبەسەری کردن.