عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو پەرلەمانتاری کۆجالیی هەدەپە سەرباری ئەوەى دادگای دەستووری بڕیاریدا، کە مافەکانی پێشێلکراوە و دەبێت هەموو مافەکانی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئازاد ناکرێت.
پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بۆ پشتیوانی لە گەرگەرلی ئۆغڵو لە بەردەم زیندانی سینجانی ئەنقەرەدا دەستیان بە چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەروەری کرد.
دەوڵەتی تورک تەحمولی ئەو چالاکییە مافخوازانەیەى نەکرد و بە پۆلیسەکانی هێرشی کردە سەر چالاکیی ئێشکگرییەکە و ساڵح گەرگەرلی ئۆغڵو کوڕی عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵویان بە لێدان و توندوتیژی دەستگیرکرد.
پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیشیان کردە سەر ئەو رۆژنامەنووسانەش، کە دەیانخواست وێنە و ڤیدیۆی ساتی پەلاماردان و دەستگیرکردنی ساڵح گەرگەرلی ئۆغڵو تۆمار بکەن. پۆلیس دەستی بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنووساندا گرت و بە دەستگرتن بەسەر تەلەفونەکانیانیدا دەستیان بە هەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان کرد.
لە هێرشەکەى پۆلیسی دەوڵەتی تورک دا ژمارەیەکی زۆر کەس دەستگیرکران و سەرباری هێرش و پەلامار و توندوتیژییەکانی پۆلیس، هەدەپەییەکان لە گۆڕەپانەکەدان و بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.
ژ.ت