بە دیمەن

پەرلەمانی سویسرا تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند

پەرلەمانی سویسرا بە زۆرینەی دەنگ ئەو ڕەشنووسەی پەسەند کرد کە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید دەناسێنێت. لە ڕەشنووسەکەدا داوا لە پەرلەمانی سویسرا کراوە کاربکات بۆ ئەوەی بۆ قەرەبووکردنەوەی تاوانەکان کەمپەینێکی نەتەوەیی دەست پێ بکرێت.

پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیستی سویسرا فابیان مۆلینا و پەرلەمانتاری سەوز سیبەل ئارسەلان بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش دژی ئێزدییەکان، ڕەشنووسییەکان پێشکەشی پەرلەمان کرد، لە پەرلەمانی سویسرا کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا. قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە و کەسێتییە ناودارەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بەشداری دانیشتنەکە بوون بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسەکە.

مۆلینا: تاوانەکانی قڕکردن بەبەڵگە کراون

پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست فابیان مۆلینا لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵکوژییەکانی داعشی لە ساڵی ٢٠١٤ دژی ئێزدییەکان بیرهێنایەوە و گوتی:

"تاوانە دڕندانەکانی داعش، لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، (UNITAD) و بەرپرسانی تری لێکۆڵینەوە بەبەڵگە کراون و سەلمێنراون. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بە گشتی ئەوەی قبووڵکردووە کە ئەو تاوانانە لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگرتن و سزادانی تاوانەکانی جینۆساید، دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە".

"ویستیان ئێزدییەکان لەناوببەن"

مۆلینا ڕایگەیاند هێرشەکانی داعش بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی ئێزدی ئەنجامدرا، لەم هێرشانە دەیان هەزار ئێزدی بەتایبەت ژنان کوژران یان بە کۆیلە کران. ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزدی بەدیلگیران و ڕووبەڕووی توندوتیژی و دڕندەیی بوونەوە، گوتی: "ئەم تاوانانە لە ڕاپۆرتی (UNITAD) جێگیرکران. ئامانج لێیان لەناوبردنی گەلی ئێزدی بوو".

"تێکۆشان دژی دەربازبوون لە سزا، بڕیارێکی گرنگە"

مۆلینا گوتی: "وەک کۆمیسیۆن پشتگیری دەکەین لەو تێکۆشانەی دژی دەربازبوون لە سزای تاوانە قورسەکان هەیە. تێکۆشان دژی دەربازبوون لە سزا، بۆ سەروەری یاسا و ڕێگرتن لە تاوانە قورسەکان گرنگە. بەرامبەر هەڕەشەی بەهێزبوونەوەی داعش لە سوریا، ئەم ڕەشنووسی یاساییانە گرنگە. ئەم ڕەشنووسە هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی بێلایەنی سویسرا. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیسیۆن ئەوە بیردەهێنێتەوە کە داعش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت و پێچەوانەی بانگەشەکانی بە دەوڵەت دانانرێت. بەم ڕۆحیەتەوە داوا دەکەم کە پەرلەمان ئەم ڕەشنووسە قبووڵ بکات".

سیبەل ئارسەلان: پێویستە ئەم دڕندایەتییە بێ سزا تێنەپەڕێت

پەرلەمانتاری پارتی سەوز سیبەل ئارسەلان گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم تاوانەی وەک جینۆساید ناساند. بۆ ئەوەی ئەم دڕندەییە بێ سزا تێنەپەڕێت، پێویستە هاوکاربین".

پاشان ڕەشنووسەکە خرایە دەنگدانەوە، لە بەرامبەر ٦٢ دەنگی نەخێر، ٢٧ دەنگی بێلایەن، ڕەشنووسەکە بە ١٠٥ دەنگ قبووڵ کرا.

بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسەی پەسەندکراوە، هەڵوێستی سویسرا بەم جۆرە دەبێت:

"کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و دەستدرێژی و تاوانە سیستەماتیکەکان بە ئامانجی قڕکردنی ئێزدییەکان ئەنجامدراون، هەروەها وێرانکردنی پەرستگاکان، بە توندی شەرمەزار دەکات.

هێرشەکانی داعش لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ و دواتر دژی  ئێزدییەکان لە عێراق وەک جینۆساید قبووڵ دەکات.

داوا دەکات ئەم ڕەشنووسە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سویسراوە لەڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانەوە بنێرێت بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی.  

داوا لە پەرلەمان دەکات پابەندی نێودەوڵەتی بدات پەیوەست بەم تاوانانەی ئەنجامدراون".