سێ جار ناچار کراوە کۆچ بکات، بەڵام هیوای لەدەست ناداوە

زەینەب شێخۆ، کە سێ جار ناچار کراوە ماڵ وحاڵی خۆی بەجێبهێڵێت، ئێستا لە هەوڵداندایە لە حەسەکە دیسان خانووی تایبەتی خۆی ئاوەدان بکاتەوە. بەڵام بەڕوونی باس لەوە دەکات کە هەرگیز دەست بەرداری زێدی خۆی نابێت.

زەینەب شێخۆ لە ٢٠١٦دا دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر حەڵەب ناچار بوو لە حەڵەب بەرەو عەفرین کۆچ بکات. کاتێک دەوڵەتی تورک لە ٢ی کانوونی دووەم ٢٠١٨ دەستی بە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر عەفرین کرد، زەینەب شێخۆ دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان بۆ دووەم جار ناچار بوو کۆچ بکات. زەینەب شێخۆ لە گەڵ گەلی عەفرین لە شەهبا نیشتەجێ بوو، بەڵام لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دیسان بەهۆی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا (NSA)، ناچار بوو جارێکی دیکە کۆچ بکات و ڕوو لە حەسەکە بکات. زەینەب شێخۆ ئێستا لەحەسەکە لە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ژیانێکی نوێیە.

زەینەب شێخۆ سەبارەت بە دۆخی خۆی و گەلەکەی قسەی بۆ ئاژانسی فورات کرد و وتی: "کۆچکردن لە عەفرینەوە ئازارێکی زۆری پێ گەیاندین. ماوەی ٥٨ڕۆژ بەرخۆدانمان کرد، بەڵام ناچار کراین کۆچ بکەین. زیاتر لە ٦ ساڵ لە شەهبا ژیاین، چەند ساڵی پێچوو تا لەگەڵ بارودۆخی شەهبا ڕاهاتین، لە بنەماڵەکەمدا تەنها یەک کەس کاردەکات و هەوڵدەدەم لەگەڵ ٥ منداڵەکەم لە یەک ژووردا بژیم، ئێمەش وەهاین بەدوای ژیانێکی زۆر جیاوازدا ناگەڕێین. تاکە شتێک کە بۆ ئێمە گرنگە ئاشتییە."

ئەم کۆچکردنە تا چەند بەردەوام دەبێت؟

زەینەب شێخۆ وتی: "تا کەی دەبێت کۆچ بکەین، ماڵی نوێ دروست بکەین، ژیانی نوێ دامەزرێنین؛ ئەی دادپەروەری و یەکسانی لە کوێیە؟"

١٥کەس لە بنەماڵەکەی شەهیدن

بنەماڵەی زەینەب شێخۆ لەگەڵ بنەماڵەکانی دیکەی عەفرین هیچ جیاوازییەکی نییە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە و ناچاری کۆچبەری بوونە. زەینەب شێخۆ وتی: "١٥کەس لە ئەندامی بنەماڵەکەی شەهید بوون، هاوژینی خوشکەکەم لە عەفرین شەهید بوو، ٥منداڵی بێ باوک مایەوە، براکەم ٢٨ساڵی بوو و لە گەڵ هاوژینەکەی ئەویش ٢٨ ساڵی بوو لە عەفرین بە هۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە شەهید بوو و ٣ منداڵ هەتیو کەوتن."

لە بەرامبەر سەختی و زەحەمەتییەکان هەستایەوە

زەینەب شێخۆ و بنەماڵەکەی، سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و زەحمەتییەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، سەرنجی خستەسەر گرنگی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و وتی: "٥ ڕۆژ لە تەبقا ماینەوە، دواتر بە هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هاتین بۆ حەسەکە. ئێستا گەلەکەمان دەستی بە سەفەربەری کردووە بەو شێوە لە گەڵماندایە. لە ماڵی هەرچی هەبێت دەیدا بە گەلی عەفرین."

زەینەب شێخۆ وتی: "هەرگیز ئاواتی ئەوە ناخوازین ئەوەی بەسەرماندا هاتووە بە سەر کەسی تردا بێت، بەو هیوایە دەژین ڕۆژێک بگەڕێینەوە بۆ عەفرین و خوێنی شەهیدانمان لەسەر زەوی نامێنێتەوە، ئێمە بە بەرخۆدان مافەکانمان بەدەست دەخەینەوە."