پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات، پەکەکە ڕایگەیاند کە لەنێوان ٥-٧ ی ئایاردا دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە، لە ڕۆژانی ئایندەدا، وردەکارییەکانی کۆنگرەکە و "بڕیارە مێژووییەکان" بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات.
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پەروین بوڵدان لەم بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد، سوپاسی هەوڵی و ڕەنجی هەمووانی کرد، بەتایبەت هەوڵەکانی سری سورەیا ئۆندەر، گوتی: "خۆزگە ئەویش شایەتحاڵی ئەم ساتانە بووایە. بەڵام بەداخەوە سری سورەیا ئۆندەر لە کۆتایی ڕێگەکەدا کۆچی دوایی کرد. باش دەزانم کە ئەویش ئێستە هەست بەم شتانە دەکات".
"خودی ڕاگەیاندراوەکە مێژووییە و سەرکەوتنێکە"
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە، شایەتحاڵی ڕۆژێکی مێژوویین، گوتی: "چونکە لە جوگرافییایەکدا کە ساڵانێکە ئازار دەچێژێت، قوربانی دراوە و دایکان فرمێسکیان ڕشتووە، ئێستە پرۆسەیەکی ئاشتی و ئارامی دەست پێ دەکات. خودی ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە گرنگ و مێژووییە. هاوکات خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکە. چونکە لە هەموو دیدارەکانی ئیمراڵییدا، بەڕێز ئۆجالان هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئیتر ئەم سەردەمە بگۆڕێت بۆ سەردەمێکی تر، سەردەمی دیموکراتیکبوون دەست پێ بکات، شەڕ و پێکدادان کۆتاییان پێ بێت. ئێستە ئەنجامی ئەمەمان بەدەستهێنا. بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراتیکبوون بۆ هەموومان گرنگە. بۆیە دەبێت هەمووان ڕووبکەنە ئاشتی. بەبێ گوێدان بەوەی کێ چی کردووە و کێ چی بەخشیووە، دەبێت هەمووان لە دڵی خۆیاندا هەست بە ئاشتی بکەن. باوەڕمان بەم سەردەم و پرۆسەیە هەیە. دەزانین و باوەڕمان وایە، ئەم سەردەمە ئاشتییەکی مەزنی بۆ تورکیا هێناوە و بەردەوامیش دەبێت. بۆیە ئەم سەردەمە وەک سەردەمێکی مێژوویی پێناسە دەکەم".
"پێویستە هەمووان کاربکەن بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنەوەی ئەم پرۆسەیە"
پەروین بوڵدان جەختی کردەوە، دەبێت هەمووان هەنگاو بۆ ئاشتی و دیموکراتیکبوون بنێن و کێشەی نەبوونی متمانە کۆتایی بێت، گوتی: "پێویستە هەمووان لەدەوری ئاشتی کۆببنەوە و کار بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنەوەی پرۆسەکە بکەن. لەمەودوا هەموو هەنگاوێک بۆ دیموکراتیکبوون، خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکە. بڕوام وایە، ئەو دایکانەی ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە و ٤٠ ساڵە لەنێو ئێش و ئازاردان، لە هەمووان زیاتر بەم سەرکەوتنە دڵخۆش دەبن. بۆ هەموومان دەبێتە مایەی خێر و خۆشی. بەهیوام و بڕوام وایە، ئەم جوگرافیایەی خوێنی زۆری لێ ڕژاوە و ئێشی زۆری تێدا چێژراوە، بەهار و ڕۆژانێکی خۆش بەخۆیەوە دەبینێت".