پەیامی "سوپاسگوزاری" کەجەدەکە_ئە بۆ ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی کەلتووری کورد

کەجەدەکە-ئە ڕایگەیاند دەیان هەزار کەس لە دەیان وڵاتی ئەوروپاوە بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کرد و بە جۆشێکی مەزنەوە هاواریان کرد کە بۆ قۆناغی نوێی هەڵمەتەکە ئامادەن، سوپاسی گەلی کورد و دۆستەکانیانی کرد کە بۆ فیستیڤاڵەکە سەفەربەر بوون.

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو سوپاسی ئەو دەیان هەزار کەسەی کرد کە بەشداربوون لە ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی کەلتووری کورد.

لە پەیامەکەدا ئەوە بیردەخاتەوە، ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی کەلتووری کورد بە درووشمی "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" لە ٢١ ی ئەیلول لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە جۆشی دەیان هەزار کەس پێکهاتووە.

کەجەدەکە_ئە ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە سەد ساڵە دەوڵەتانی داگیرکەر لە چوار پارچەی کوردستان قڕکردنی جەستەیی و کەلتووری دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن و لەبەرامبەردا بەرخۆدانێکی شکۆدار هەیە، وە دەڵێت: "لە ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد، کە دەیان هەزار کەس لە هەموو لایەکی ئەوروپاوە بەشداربوون، گەلی کورد و دۆستەکانیان هەم ئیرادەی خۆیان ڕاگەیاند و هەم دژی ئاسیمیلاسیۆنی کەلتووری، دڵسۆزی خۆیان بۆ بەها کەلتوورییەکان ڕاگەیاند".

گەلەکەمان ئامادەیە بۆ قۆناغی نوێی هەڵمەتەکە

کەجەدەکە-ئە ڕایدەگەیەنێت بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە پێداگری خۆیان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا، دەڵێت: "دەیان هەزار کورد و دۆستەکانیان، ژن و مناڵ و پیر و گەنج، لە دەیان وڵاتی ئەوروپاوە هاتن، دژی ئەو گۆشەگیرییەی ٢٦ ساڵە بەردەوامە بەشداری فیستیڤاڵەکە بوون، بەجۆشێکی مەزنەوە هاواریان کرد، ئامادەن بۆ قۆناغی نوێی هەڵمەتەکە".

هەروەها دەڵێت: "ئەو ئەنتەرناسیۆنالیست و دۆستانەی لە وڵاتانی جیاوازەوە، هەر لە سەرەتاوە و بە هەموو هێزی خۆیانەوە بەشداریان لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کرد، لە فرانکفۆرت خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و جەختیان کردەوە ئەو ڕێبەرێکی نێونەتەوەییە".

کەجەدەکە_ئە سوپاسی هەموو بەشداربووان و ئەو کەسانە دەکات کە ڕۆڵیان هەبووە لە بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکەدا.