قەدەغەکردنی زمانی کورد لە زیندانی تارسوس

زیندانیانی زیندانی تارسوس ڕایانگەیاندووە کە پاسەوانەکان قسەکردن بە زمانی کوردیان لەزیندانیان قەدەغە کردووە.

پەرلەمانتاری مێرسینی  هەدەپ پەریهان کۆجا ڕایگەیاند مافی مرۆڤەکان لە زیندانی تارسوس پێشێل دەکرێن.

کۆجا سەردانی زیندانییەکانی کردووە ولەو بارەوە لەگەڵ ئاژانسی فورات(ANF ) قسەی کردووە. کۆجا ڕایگەیاند لە زیندانەکان بارودۆخ ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، داواکاری زیندانیان پشتگوێ دەخرێت و وتی: "گیراوانی زیندانی تارسوس ڕووبەڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەبنەوە، لەم کاتەدا کە دەستووری بنەڕەتی هەڵوەشاوەتەوە، مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کە لەوێ نییە لەبەرچاو ناگیرێن، کێشەکانی ناو زیندانەکان زیاتر دەبن. بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە و کردەوەی ناڕێک بەرامبەر زیندانیان بەردەوامن".

بێ حورمەتی، توندوتیژی و سزادان

کۆجا ئاماژەی بە کێشەکانی پاکوخاوێنی، تەندروستی، خواردن و ئاوی گەرم لە زیندانی تارسوس دا و وتی " بەتایبەت زیندانیانی سیاسی، کاتێک ڕووبەڕووی ڕەفتارکانیان دەبنەوە، کارمەندانی زیندان سووکایەتییان پێدەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن وبەکەیفی خۆیان سزای دیسپلینیان دەسەپێنن، ڕایانگەیاند کە سەبارەت بەم هەڵوێستە ویستویانە لەگەڵ بەڕێوەبەری زیندان کۆببنەوە ، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون."

قسەکردن بە کوردی قەدەغەیە

پەرلەمانتاری هەدەپ ـی مێرسین پەریهان کۆجا، سەرنجی بۆ ئەو گوشارانە ڕاکێشا کە دژ بە زیندانیانی کورد بەهۆی ناسنامەی کورد بوونیانەوە دەکرێت و وتی:"لە ماوەی چەن هەفتەی پێشوودا پاسەوانێ بە ناوی ئەرەن بە قسەکردنی بەزمانی کوردی لەزیندانیان قەدەغە کردووە، زیندانییەکان ڕایانگەیاندووە کە کاتێک لەگەڵ یەکتر بە کوردی قسەیان کردووە پێیان وتراوە' لەم زیندانە قسەکردن بەزمانی کوردی قەدەغەیە' و سزای دیسیپلین بۆ زیندانیان دیاری کراوە، هەروەها سزای حوجرە لە زیندانییەکی سیاسی دیاری کراوە."