هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) میتهات سانجار لە کۆبوونەوەی حزبەکەیدا قسەی کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتە گەرەمەکان کرد. سانجار سەرەتا سڵاوی لە تێکۆشانی ژنان کرد و ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی لەسەرجەم ژنان پیرۆز کرد. سانجار سەرنجی راکێشا بۆ سەر تێکۆشانی ژنان و تی، تێکۆشان و بەرخودانی ژنان رێگای بەرخودان و تێکۆشانیان بەوان نیشان دەدات.
سانجار سەبارەت بەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەی پاڵپشتییان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاری ئامەد سەمرا گوزەلەوە کرد رایگەیاند: "خۆی لە خۆیدا ئێمە ئاگامان لە دوژمنایەتی دەسەڵاتە لەگەڵ هەدەپە و ژنان، بەڵام ئەم بەرهەڵستکارانەی باسی ناڕەوایی دەسەڵات دەکەن، کاتێک بابەتەکە هەدەپە بێت ئەوانیش دەبنە هاوبەشی ناحەقی و ناڕەوایەتی دەسەڵات. ئەوە مایەی قەبوڵکردن نییە. هەڵگرتنی پارێزبەندی لە بەرێز سەمرا گوزەل لەهەمان کاتدا بە واتای ستەمی ئەم سیستمە زۆردارەیە کە چۆن لە پارتەکەی ئێمە دەکات. ئێمە هەموومان پێکەوە ئەو سیستمە ستەمکار و داپڵۆسێنەرە دەگۆڕین. پێویستە ئێمە سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی دەسەڵات ببینین و بە هاوپەیمانییەکی بەهێز و تێکۆشان بەرپەرچی بدەینەوە. پێویستە ئێمە لە دژی ئەو ستەمەی سیستەم پەرە بە تێکۆشانی خۆمان لە دژی ئەوە بدەین".
سانجار تیشکی خستەسەر سازکردنی هاوپەیمانی دیموکراتیک و بەم جۆرە دووا: "بۆماوەیەکە ئێمە ئەو بانگەوازانە دەدەین، بەڵام هەندێک دەمی خۆیان بەرامبەر بە بانگەوازەکەمان لار دەکەنەوە، گوێی خۆیان بەرامبەر بە بانگەوازەکەمان دەگرن. چونکە هەدەپە داوای یەکسانی، دادپەروەری، نان، رەنج، ئاشتی و دیموکراسی بۆ ئەم کۆمەڵگایە دەکات. بانگەوازەکانمان زۆر گرنگن و دەیەوێت ئاگرەکە دامرکێنێتەوە. ئێمە بە بێ وچان بەردەوامین لەسەر بانگەوازەکانمان. ئێمە کارەکانمان خێراتر دەکەین، خۆی لە خۆیدا خێراتریشمان کردوون. بۆ ئەوەی ئێمە هاوپەیمانی دیموکراسی و بەرەکەی لەهەموو شوێنێک دابمەزرێنین، ئێمە بەرنامەکەمان دەکەین بە کردار و بەرەو چنینەوەی بەری هەولەکانمان دەچین. با لەو بوارەدا کەس بیانوو نەهێنێتەوە و مافی ئەوەیان نییە کە بیانوو بگرن. وڵاتەکە بەرەو کارەسات دەبەن. کارەساتەکە گەورەتر دەبێت. پسوڵەی گران بۆ خەڵکی هەژار، زەحمەتکێش، ژنان و گەنجان دەبڕنەوە. هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا تادێت باشتر تێدەگەن کە راستیەکی چۆن لە ئارادایە. هەموو رۆژێک باشتر لەو راستییە تێدەگەن. رێگای رزگاری لە هاوپەیمانی دیموکراسیدایە".
سانجار ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆکی گشتیی ئاکەپە هەموو کێشەکان بە فاکتەری جیاجیاوە دەبەستێتەوە و وتی: "سەرۆکی ئاکەپە تەنانەت تەشەنەسەندنی قەیرانی دارایی بە پەرەسەندنەکانی دەرەوە دەبەستێتەوە. وەک ئەوەی بڵێی هەرگیز بەرپرسیارێتی ئەوان لە هیچ شتێک و کێشەکاندا بوونی نییە. ٢٠ ساڵە لەسەر حوکمن بەڵام تائێستا هیچ شتێکتان چارەسەر نەکردووە. چونکە بە دروستی مامەڵە ناکەن. هەرکە شتێک دەبێت دەستبەجێ هۆکارەکەی بەدەرەوە دەبەستێتەوە. واتێدەگەن کە ئەم کۆمەڵگایە بەو درۆیانە دەخەڵەتێت، ئەگەر بەو جۆرە تێدەگەن ئەوە بە شێوەیەکی گەورە خۆیان دەخەڵەتێنن. چیتر کەس بڕوا بەو درۆیانە ناکات. بەچی پاکانە بۆخۆیان دەکەن و رەوایەتی بەخۆیان دەدەن. شەڕی ئۆکرانیا هاتە ئاراوە دەیەوێت مایەپوچبوون و بازاڕی تورکیا بەو شەڕە پاک بکاتەوە. لە شەوی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا باجی زۆر قورس سەپێنران. بۆ مەگەر ئەو کاتیش شەری ئۆکرانیا لەئارادابوو؟ دەیانەوێت بەو جۆرە خۆیان لەهەموو شت بێبەری و بێتاوان بکەن".
هـ . ب