شارەوانی دەپ دووبارە نووسینە هۆشدارییەکانی بە زمانی کورد نووسییەوە
شارەوانی دەپی خارپێت لەسایەی بەڕێوەبردنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دووبارە ئەو نووسینە هۆشدارییانەی بە کوردی نووسییەوە کە دوێنێ سڕدرابووەوە.
شارەوانی دەپی خارپێت لەسایەی بەڕێوەبردنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دووبارە ئەو نووسینە هۆشدارییانەی بە کوردی نووسییەوە کە دوێنێ سڕدرابووەوە.
نووسینەکانی هۆشداری "سەرەتا پیادەڕۆ" و "هێدی" کە لەلایەن شارەوانی دەپ نووسرابوون، ٢٢ ی ئەیلول لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە سڕایەوە.
شاندێک لە هاوسەرۆکانی شارەوانی دەپ و پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر فاروق هولاکو، پێش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر، دووبارە هۆشدارییەکانیان نووسییەوە.
پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر فاروق هولاکو لەبەردەم بینای شارەوانی قسەی کرد، گوتی: "زمانی کوردی یەکێک لە دێرینترین زمانەکانی ئەم خاکەیە، سڕینەوە و لەناوبردنی قبووڵ ناکرێت. دووبارە نووسینە کوردییەکانمان نووسییەوە".
هەروەها گوتی: "زمانی کوردی بە تێکۆشانی گەلە شکۆدارەکەمان بەردەوامە، هێرشەکان بۆ سەر زمانمان، پێداگرییمان بۆ خاوەندارێتی لە زمانەکەمان بەهێزتر دەکات".
جێگەی بیرخستنەوەیە، پێشتریش بە ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆ لە شارەکانی وەک وان و ئامەد و مێردین و ئێلح، نووسینی هۆشداری بە زمانی کوردی سڕابووەوە.