شارەوانی وان لەسەر دەستی قەیووم مایەپووچ بووە

شارەوانی گەورە شاری وان کە لەلایەن قەیومی سەر بە ئاکەپەوە دەستیبەسەردا گیراوە، بەجۆرێک ژێر قەرز کەوتووە، کە بڕیاری دەستبەسەرداگرتن لەبارەی بینای شارەوانیەوە دەرچووە.

شارەوانی گەورەی وان چەند ساڵێکە بە دەست قەیومەوە گیرۆدەیە، بەجۆرێک لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان سەرچاوە داراییەکانی وشکبوون، کە ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە و بە هۆی قەرزە کەڵەکەبووەکانیشی بە کۆمپانیایەک، دادگا بریاری دەستبەسەرداگرتنی خستووەتە سەر بینای سەرەکی شارەوانی وان.

بڕیاری دەستبەسەرداگرتن بەردەوامە و سەرباری هەوڵەکانی سآرەوانی بۆ لابردنی بڕیارەکە یاخود ئەوەی بینایەکی دیکەی شارەوانی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەربچێت، بەڵام کۆمپانیای خاوەن قەرزەکە دژی ئەو داوایە وەستاوەتەوە و دادگاش لە دژی شارەوانی بڕیاری داوە.

قەرزەکانی شارەوانی وان کە لە سەر دەستی قەیووم کەوتووەتە ژێریەوە بە چوار ملیار لیرە دەخەمڵێندرێت و بەهۆی ئەوەی نە بودجە و نە تەندەری لەبەردەستدا ماوە، قەیوم و ستافەکەی نازانن چۆن رووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە.

بەگوێرەی یاسا خاوەن قەرزەکە دەتوانێت بڕیاری دەستبەسەرداگرتن (حجز) بخاتە سەر ئۆتۆمبێل، زەوی، بینا و ماڵ و موڵکەکانی لایەنی دووەم و لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی قەرزەکانیش دەتوانێت ئەو موڵک و کەلوپەلانەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان بۆ دەرچووە، بخاتە بەردەم فرۆشتن و قەرزەکەی خۆی لەو پارەیە هەڵبگرێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئاکەپە دەستی بەسەر زۆرینەی شارەوانیەکانی باکووری کوردستاندا گرتووە و لە بری سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکان، کەسانێکی سەر بە دەوڵەتی بە ناوی قەیوم دادەنا و بە درێژایی ئەم چەند ساڵە چەندین دۆسیەی گەندەڵی، بەرتیل، خزمخزمێنە و دیاردەی مووچەخۆری بندیوار لەناو ئەو شارەوانیانەدا ئاشکرابوون.