سەرحەد ئەرەن: دەبێت کۆمیسیۆنێکی بەرفراوان و کارا بێت
پەیوەست بە دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوی کۆنکرێتی دەنرێت، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوەدا دەبێت کۆمیسیۆنەکە کۆمیسیۆنێکی بەرفراوان و کارا بێت.
پەیوەست بە دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوی کۆنکرێتی دەنرێت، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوەدا دەبێت کۆمیسیۆنەکە کۆمیسیۆنێکی بەرفراوان و کارا بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتولموش ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان پەیوەست بە کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی ئاکەپە عەبدولحەمید گوڵ، سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی جەهەپە موراد ئەمیر، سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی مەهەپە ئەرکان ئاکچای، سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی ئی (IYI) پارتی بوگرا کاڤونجو و سەرۆک فراکسیۆنی گرووپی پارتی ڕێگەی نوێ بولەنت کایا بەشداربوون.
پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن پەیوەست بە کۆبوونەوەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
دەبێت ئەرکەکان دیاری بکرێت
لە سەرەتایی قسەکانییدا سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوەدا دەبێت سەرەتا کۆمیسیۆن پێناسەی ئەرکەکان بکات و گوتی: "هەمیشە دەڵێین دەبێت کۆمیسیۆن بەشدار و بەرفراوان بێت. دەبێت نوێنەرایەتی تورکیا بکات. دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکان بەشداربن. هەروەها پەرلەمانتاری سەربەخۆش هەیە دەبێت ئەوانیش بەشداربن. بێگومان ئێستا کۆمیسیۆن لە پارتە سیاسییەکان پێکدێت و بە دەستپێشخەری سەرۆکی پەرلەمان دادەمەزرێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەبێت ئەم کۆمسیۆنە بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بەرفراوان بکات."
دەبێت بۆ هەموو کارەکتەرەکان پارێزبەندی یاسایی هەبێت
لە بەردەوامی قسەکانییدا سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوەشکرد دەبێت بۆ هەموو کارەکتەرەکان پارێزەبەندی یاسایی ئامادە بکرێت و گوتی: "ئەمە بۆ بەشداربوون زۆر گرنگە. گوزارشت لەوە دەکرێت پشتگیری بۆ ئەم پرۆسەیە لەسەدا ٧٠ یە. ئەمە ڕێژەیەکی باشە. دەبێت ئەم ڕێژەیە بپارێزرێت. بۆ پاراستنیش متمانە پێویستە. بۆ ئەمەش بنەمایەکی یاساییش پێویستە. لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥دا زۆر شتمان ئەزموون کرد. لەم پرۆسەیەدا بەشێکی زۆری ئەو کارەکتەرانەی بەشداربوون لە پرۆسەی چارەسەرییدا بە تەواوی لە دڵنیایی یاسایی بێبەش بوون. پرۆسەکە شکستی هێنا و ڕووبەڕووی مەترسی بوونەوە. تەنها لایەنی دەوڵەت، کارەکتەرانی ناو دەوڵەت سوودیان لەو یاسایە وەرگرت. هەربۆیە دەبێت ئەو کارەکتەرانەی لەم کۆمیسیۆنەدا جێ دەگرن و هەست بە سەلامەتی بکەن."
دەبێت مەترسی نەهێڵرێت
لە کۆتایی قسەکانییدا ئەرەن ئاماژەی بەوەدا دەبێت شاندێکی سەربەخۆ چاودێری پڕۆسەکە بکات و گوتی: "دەبێت میکانیزمێکی چاودێری سەربەخۆ هەبێت. ئەمەش پڕۆسەکە ئاسانتر دەکات. هەروەها دەبێت لە تورکیا دەرفەتەکانی بەشداربوونی سیاسەتی دیموکراتیک، ژیانی دیموکراتیک و ژیانی سیاسیش بونیات بنرێت کە پەکەکە لە مەڕاسیمی ١١ی تەمموزدا باسی لەمە کرد. بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیەش دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان قسە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت خەبات ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەنتێگراسیۆن لە مانایەکی نەرێنییدا بەکارنەهێنرێت. دەبێت کۆمیسیۆن بە ئاگادارییەوە ئەمە بگرێتە دەست."