سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا سەردانی دەم پارتی-یان کرد

شاندێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە، سەردانی ناوەندی گشتیی دەم پارتی-یان کرد.

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە بە سەرۆکایەتی لارس کلینگبێل سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە سەردانی ناوەندی گشتی دەم پارتی-یان کرد.

شاندەکە لەلایەن هەریەک لە هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان و یاریدەدەری هاوسەرۆکانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەبرو گونای و پەرلەمانتاران ساروهان ئۆلوچ و جەیلان ئاکچا جوپۆلۆ پێشوازییان لێکرا.

لە میانی دیدارەکەدا سەبارەت بە کێشە جۆراوجۆرەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و هەروەها بارودۆخی سیاسی هەڵسەنگاندن کرا.

باقرخان سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر دەم پارتی ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کە سەرەڕای هەموو ئەمانە دەم پارتی بۆ دیموکراسی، یەکسانی و ئازادی تێکۆشان دەکات.

هەروەها کلینگبێل ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئاگاداری هێرشەکانی سەر دەم پارتین و ئاماژەی بەوەدا کە دەم پارتی بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی لە تورکیا پێگەیەکی گرنگی هەیە و ڕۆلێکی بەرچاو دەگێڕێت.

لە درێژەی قسەکانیدا کلینگبێل وتی: "لەگەڵ ئەو هێرش و گوشارانەی لەسەر ئێوە هەیە، هەمووان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا سەرکەوتنەکانیان بینی. جگە لەوەش دانانی قەیوم لە شارەوانیەکاندا و بێ کاریگەرکردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بە کارێکی دروستی نابینین. بەڕبۆبەرییە هەرێمیەکان بۆ بەرقەرار کردنی دیمۆکراسی پێویستیەکی گرنگە و دەبێ ببێت."