سیناتۆرانی فەرەنسا دەوڵەتی تورک-یان ئیدانە کرد

٢٤ سیناتۆری ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کیمیابارانکردنی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان چالاکییان ئەنجامدا.

لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، نوێنەرانی گروپە سیاسییە جیاوازەکان کۆبوونەوە و بۆ کورد چالاکیان ئەنجامدا. ٢٤ سیناتۆر بەشدارییان لەو چالاکییەدا کرد. سیناتۆران تیشکیان خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێرشی چەکی کیمیایی لە باشوری کوردستان و داوای دامەزراندنی شاندێکی نێونەتەوەییان بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانکارییانەى دەوڵەتی تورک کرد.

سیناتۆران ژمارەیەک پۆستەریان بەرزکردبووە، کە سەریان نووسرابوو "چەکی کیمیایی؛ بە خێرایی دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن"، "ئەردۆغان بوەستێنن"، "ئاشتی بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا" و "پشتیوانی بۆ گەلی کورد" و سیاسەتی شەڕانگێزانەی دەوڵەتی تورک-یان لە دژی کورد ئیدانە کرد.

ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەم، چوار سیناتۆر لە گروپە سیاسییە جیاوازەکان لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا  ناڕەزاییان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوری سوریا و رۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و داوایان لە فەرەنسا کرد، کە ڕێگە نەدات دەوڵەتی تورک جموجوڵی داگیرکاری ئەنجام بدات. هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ڕایانگەیاندبوو، لە مانگی کانوونی دووەم دا شاندێک ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن.

لە مانگی تەموزدا بە پێشەنگایەتیی سیناتۆر لاورێنس کۆهین نامەیەک بە واژۆی ١٠٢ سیناتۆر بۆ دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە ئاسمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکرایەوە.

ژ.ت