تەمەللی: موخاتەب و بەردەنگی یەکەم لە ئیمراڵییە

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی سەزایی تەمەللی رایگەیاند، کە بۆ چارەسەری پرسی کورد یەکەم بەردەنگ و موخاتەب رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و وتی: "دەم پارتی ئامادەیە کە ئەوەی بکەوێتە سەر شانی بە جێی بگەیەنێت".

سەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی سەزایی تەمەللی و گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لە پەرلەمان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.

سەبارەت بە پرسی دەستوری هەمیشەیی نوێ، سەزایی تەمەللی وتی، "پەرلەمان جێگەی تاوتوێکردنی کێشەکانە، یەک لەو بنچینەییانەی تورکیاش دەستوری هەمیشەییە. دەبێت پەرلەمان تاوتوێی بکات و ئەرکەکانی دەستوری نوێی هەمیشەیی دیاریبکات. دادگا و دادوەری لە تورکیا گەیشتوونە بنبەست. چەند بڕیارێک هەن کە دادپەروەرییان لە تورکیا لە ناوبردووە. دۆزەکانی کۆبانێ و گەزی لەبەرچاون. لێرەوە بانگەواز لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەم، دەرگای پەرلەمان بە رووی کۆمەڵگەدا بکەنەوە، وتە و تێبینیەکانیان بەنرخن، ئێمە بە نوێنەرایەتی ئەوان لێرەین.

لەبری ئەوەی تەنیا باس لە هەمواری چوار خاڵ بکەینەوە، دەبێت بیرلەوە بکەینەوە و ئەوە تاوتوێ بکەین کە چۆن دەستورێکی هەمیشەیی نوێمان دەبێت و چۆن دەتوانین لە دەستوری هەمیشەیی ١٢ی ئەیلول رزگارمان بێت."  

لای خۆشیەوە کۆچیگیت وتی، "زۆرترین لێکەوتەی دەستوری هەمیشەیی ١٢ی ئەیلول لە سەر پارتەکەمانە، پێویستی بە گفتوگۆیەکی بنەڕەتی هەیە، گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان بۆ دەستور ئەنجامدران، ئێستا دەرکەوتووە کە ئەو هەوڵانە بۆ دەستورێکی نوێ نین".

سەبارەت بە دەنگۆ و بانگەشەکانی ئەوەی "ئایا پەیوەندی تەلەفونی لەنێوان ئیمراڵی و قەندیلدا هەیە و ئاخۆ ئێوە لە چ ئاستێکی ئەو پرۆسەیەدان"، تەمەللی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە: "ئایا دیدارەکان دەستیان پێکردوەتەوە یان نا، لەو بارەوە هیچ زانیارییەکمان نییە. ئیمراڵی بەردەنگ و موخاتەبە. ئەگەر قۆناغێک دەستپێبکات، ئەوەتا ئیمراڵی لێرەیە. دووەم بەردەنگیش پەرلەمانە. ئێمە پارتێکی ناو پەرلەمانین. لەسەر ئەم هێڵ و ئەم بەرپرسیارێتیە دەجوڵێینەوە. ئەگەر دانوستانێک دەستپێبکات، ئێمە وەک دەم پارتی ئامادەین ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی دەکەوێتە سەرشانمان بەجێی بگەیەنین".

پرسیاری ئەوە لە سەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی کرا کە"والێکدەدرێتەوە کە گفتوگۆکانی دەستوری هەمیشەیی نوێ بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بن. ئێوە لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان چۆن بیردەکەنەوە"، کۆچیگیت لە وەڵامدا وتی، "دەم پارتی هەرگیز رێگە بە بەهێزکردنی رژێمێکی تاکڕەو نادات، هەڵوێستمان زۆر روونە. هەرگیز لەبەر بەرژەوەندی پارتەکەمان سیاسەتمان نەکردووە. هەڵوێستی ئێمە لەپێناو دیموکراسیدایە. ئەوە جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕ نییە کە ئەردۆغان بڕوات یان نەڕوات. نابێت بابەتەکە بۆ ئەو ئاستە دابەزێندرێت".

تەمەللیش لە وەڵامی هەمان پرسیاردا وتی، "ئەگەر بڵێن کاری یەکەممان دەستورێکی هەمیشەیی مەدەنییە و دواتر لەسەر کەسەکان گفتوگۆ دەکەن، ئەوە خۆی لە خۆیدا ناتەبا و دژبەیەکە. سەلاحەدین دەمیرتاش ٨ ساڵە لە زیندانە. ئاشکرابوو کە ئەو دۆسیە پیلانگێڕییە. ئاخۆ لە وڵاتێکدا کە دەمیرتاش زیندانی بێت ئێوە دەتوانن دەستورێکی هەمیشەیی بەو جۆرە بە گوێرەی خۆتان دابڕێژن؟"