تولای حاتەم ئۆغۆللاری: بڕیارەکەی پەکەکە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لەگەڵ بڕیارەکەی پەکەکە، ئەرکی هەمووان ئەوەیە "گۆڕان و گۆڕانکاری دیموکراتیک لە تورکیا مسۆگەر بکات، لەم ڕووەوە دەبێت هەنگاوی دەستبەجێ بنرێت و بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک بەرەوپێش ببرێت".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری پاش کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. تیشکی خستەسەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیان، پەکەکە لەم چوارچێوەیەدا کۆبووەوە و بڕیاری دا.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەکەکە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لە مێژووی تورکیادا. پاش ئەوە، پێشخستنی هەنگاوی بەرچاو بۆ دیموکراتیکبوون زۆر یەکلاکەرەوەیە. لە شوێنێکدا کە چەکەکان بێدەنگبوون و شەڕ نەماوە، ئەرکی گرنگ کە دەکەوێتە سەر هەموومان، بە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگەی تورکیاوە، ئەوەیە کە پێکەوە گۆڕان و گۆڕانکاری دیموکراتیک لە تورکیا مسۆگەر بکەین، هەنگاوی دەستبەجێ و پێویست بنرێت و بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک بەرەوپێش ببرێت. ڕێگە بۆ ئەم ئامانجە کراوەتەوە. بەهیوام خێر و خۆشی بۆ گەلانی تورکیا بهێنێت".