هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا ڕۆژەڤە هەنووکەییەکانی هەڵسەنگاند.
باقرخان لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەی لەگەڵ هەمەپەدا و بە کۆبوونەوەیەکی بونیادنەرانەی وەسفکرد و لە بەردەوامییدا ئاماژەی بە پێشهات و ڕووداوەکانی هەرێمەکە کرد و جەختی لەوەکردەوە پێویستە وەک تورکیا لەم پێشهات و ڕووداوانەوەدا پێکەوە بە هاوبەشی ڕێگەی دەبازبوون دیاری بکەن.
باقرخان لە قسەکانییدا 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆیی بە فریادڕەس ناوهێنا و گوتی: "با هیچ هێز و لایەنێکی دیکە ڕێگەمان بۆ دیاری نەکەن. با گەلی تورکیا ڕێگەمان دیاری بکەن. با 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' ببێتە ڕێگەمان. با ڕێگەمان کۆماری دیموکراتیک بێت. ڕێگەیەک هەڵبژێرین کە کۆی نەتەوەکانی تورکیایی تێیدا جێبێتەوە. هەر وڵاتێک خودی خۆی ڕێگەکەی دیاری نەکات، بووە بە وڵاتی شەڕ و خوێنڕێژی. تێکۆشانمان بۆ ئاشتییە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش."
'بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان دیارییەکە بۆ دیاریکردنی داهاتوومان'
لە بەردەوامییدا باقرخان سەرنجی خستەسەر فرە کولتووری و فرەچەشنی تورکیا و جەختی لەوەکردەوە هەموو نەتەوەکان لە تورکیادا نەتەوەیی ڕەسەنن و گوتی: "لەم پرۆسەیەدا دەتوانین بە ڕێککەوتنی نەتەوەیی دیموکراتیک ڕێگە بۆ زەمینەی یەکسانییەکی ڕاستەقینە بڕەخسێنین. بەڵکو بۆ یەکەمجار گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئەوەی ببنە دیلی سیناریۆی هیچ کەسێک خۆیان سیناریۆی ئایندەی خۆیان بنووسنەوە. بۆیە دەڵێین وەرن پێکەوە سیناریۆی خۆمان بنووسینەوە. بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان دیارییەکە تائەوەی بتوانین پێکەوە ڕێگە و سیناریۆی خۆمان بە هاوبەشی بنووسینەوە."