هه‌واڵی به‌په‌له‌: دیمەنی کۆتا ئامادەکارییەکان بۆ هەنگاوە مێژووییەکە

ڕوانگە و شرۆڤەی سیاسەتمەداران پەیوەست بە پرۆسەکە و هەنگاوەکەی پەکەکە

سیاسەتمەداران ڕایانگەیاند، ئەو پرۆسەیەی کە لە دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد، لە باشوور لەڕێی مەراسیمی چەک دانانەوە گەیشتە قۆناغێکی نوێ و ئاماژەیان بەوە کرد، لەمەودوا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت.

ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شوبات دەستیپێکرد، بە مەراسیمی سیمبولی دانانی چەک لە باشووری کوردستان گەیشتە ئاستێکی گرنگ و کاریگەر. سیاسەتمەداران لەبارەی ئەو مەراسیمە سیمبولی 'سوتاندنی چەک' کە پێشەنگانی پەکەکەش تێیدا بەشداربوون بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

سەرۆکی فەخریی هەدەپە، ئەرتوگول چەک دانانی سیمبوڵی وەک هەنگاوێکی مێژوویی پێناسەکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مەراسیمە سیمبولییە لەسەر بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و پێشهاتە سیاسییەکانی دواتر ئەنجامدراوە. کورکچو باسی لەوەش کرد: "ئەم بارودۆخە پشتڕاستی ئەو ڕێکەوتنانە دەکاتەوە کە لە دیدارەکاندا ئەنجام دراون. سوتاندنی سیمبولی چەکەکان نیشانەیەکی بەرچاوی ئەو ئیرادەیەیە کە عەبدوڵا ئۆجالان باسی کردووە. بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و عەبدوڵا ئۆجالان و هاوکات نێوان گەلی کورد و تورکی هێشتا لەسەر فۆڕماتێک دیاری نەکراوە. لە داهاتوودا لەڕێی تێکۆشانی سیاسی و دانوستاندنەکانەوە ئەمەش لەسەر فۆڕماتێک جێگیر دەکرێت. وا دەردەکەوێت کە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پێشکەوتنێک بێ ئەوەی خوێن بڕژێت بەدەستهاتووە. تەڤگەری کورد پێویستە پشتگیریی گەل لە گۆڕەپانی سیاسیدا ناوەندیتر بکات. سەرکەوتنی ئەو هەنگاوانەی کە لە سەردەمی نوێدا دەنرێن، بەتەواویی بە ئیرادەی گەل و ئاستی ئامادەکاریی سیاسی بەستراوەتەوە."

ساریتاش: چارەنووسی پڕۆسەکە بەو هەنگاوانەوە بەستراوەتەوە کە دەوڵەت دەینێت

شارەزای بواری سیاسی محمد زاهیر ساریتاش باسی لەوە کرد، ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شوباتدا دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە باشوور بە مەراسیمی سیمبولی چەک سوتاندن کە لەلایەن گرووپێکی ئەندامانی پەکەکەوە ئەنجامدرا، گەیشتە ئاستێکی مێژوویی و ڕایگەیاند: "ئەم چالاکییە سیمبولییە بە تەنها نیشانەی نیەتی باش نییە، بەڵکو بڕیارداریی لایەنی کوردە بۆ ئاشتی و چارەسەرییەکی دیموکراتیک. تەڤگەری سیاسیی کورد بە ئەزموونێکی مێژوویی، ئیرادەیەکی بەهێز و ئامادەکارییەکی کۆمەڵایەتی گەیشتووتە ئەم ئاستە. ئەمە بەڕوونی نیشانی دەدات کە بەرپرسیارێتیی چارەسەری و ئاشتی بەشێوەیەکی جددی دەگرێتە دەست.

هیوای هاوبەشی ڕای گشتیی تورکیا و گەلی کورد ئەوەیە کە دەوڵەت بەبێ دواکەوتن بە هەنگاوی ڕوون و کاریگەر وەڵامی ئەم هەنگاوە مێژووییە بداتەوە. بەر لە هەر شتێک، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی پێویستە لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک دابمەزرێت."

دەمیر: لەم پڕۆسەیەدا لایەنی کورد ئەرکی خۆی بەجێهێنا

هاوسەرۆکی وانی دەبەپە جەمال دەمیر پێشکەوتنەکانی لە چارەسەری پرسی کورددا وەکو قۆناغێکی مێژوویی پێناسەکرد و ڕایگەیاند، "لە ١١ـی تەممووزدا بە لەناوبردنی سەمبوڵیکی چەکەکان ئیرادەیەکی بەهێز نیشاندرا. ئەم هەموو پێشکەوتنە پێداگری، ئامادەکاری و بەرپرسیارێتییە کە لایەنی کوردی سەبارەت بە چارەسەری نیشانی دەدات. لەم دۆخەدا، فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە هەڵوێستی دەوڵەتە. هیوای هاوبەشی ڕای گشتی و گەلی کورد ئەوەیە کە دەوڵەت ئەم دەرفەتە مێژووییە بەکاربهێنێت و وەڵامی ئەرێنی بداتەوە. پێشکەوتنی پرۆسەکە بۆ چارەسەری هەمیشەیی ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی ژیانی پێکەوەیی بەهێز دەکات. لەبەرئەوە پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەچێت."

کۆرکماز: بەرپرسیارێتیی لە ئاست سیاسەتی دیموکراتیک زیادی کردووە

پسپۆڕی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی زیورخ تۆرۆس کۆرکماز پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و چەک دانانی سیمبولیی پەکەکەی شرۆڤەکرد و ڕایگەیاند، "ئەمە پێشکەوتنێکی مێژووییە، خاڵێکی وەچەرخانی زۆر گرنگە. نیشاندانی ئیرادەیە. نابێت، ئەمە وەکو سیمبولی قسەی لەسەر بکرێت؛ ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی بوو. ئەم پرۆسەیە بە داونستاندن بەردەوام دەبێت. بەهێزکردنی زەمینەی سیاسی و پێکهێنانی گۆڕانکارییە یاساییەکان زۆر گرنگن. ئەگەر ڕوونەدات تێکۆشانی چەکداری دەتوانێت سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ئەگەرێکی کراوەیە. لێرەدا دانوستاندن گرنگ دەبێت. پێویستە ئێستا ئێمە لەسەر بەهێزکردنی هۆشیاری و بەهێزکردنی زەمینەی سیاسی بوەستین. گەر ڕیفۆرمە یاسایی و سیاسییەکان ئەنجام نەدرێن، تێکۆشانی چەکداری دەتوانێت سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە؛ ئەمە ئەگەرە هەمیشە لەئارادایە.

ئۆزسۆی: ئەم هەنگاوە ئیرادەی کورد نیشان دەدات

سیاسەتمەداری کورد د. هۆشیار ئۆزسۆی ئاماژەی بەوەدا دەسەڵات دەربارەی پرسی کورد تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە و گوتی: "پەیامەکانی بەڕێز ئۆجالان و چالاکی سیمبولیی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە ئاستێکی باڵا لە ئیرادە و بڕیارەدەری کورد نیشان دەدات. لایەنی کورد زۆر ڕوونە: گەر دەرفەت بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و ئاشتی بکرێتەوە، ئێمە ئامادەین بەشداربین، فیداکاری بکەین و چەکەکانمان دانێین. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەی گومانەکان لەناوببات هەنگاوێکی مێژووییە."

ئۆزسۆی ئاماژەی بەوەشدا دەبێت دەسەڵات لەم پرسەدا هەڵوێستێکی ڕوونتر و کراوەتر نیشان بدات و گوتی: "حکومەت تاوەکو ئێستاش ئامادە نییە هەنگاو بنێت. تەنانەت گۆڕانکاری یاسایی پێویستیشی نەکردووە. ئەمەش ڕای گشتی دیموکراتیکی بێ ئومێد کردووە. سەرەڕای ئەمەش بەڕێز ئۆجالان و لایەنی کورد بە پێداگرییەوە هەنگاو دەنێن، هانی حکومەت دەدەن بۆ هەڵوێست وەرگرتن، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوانە خوازراوانە نەنراوە. چالاکی سیمبولیی چەکدانان هەنگاوێکی مێژوویی و زۆر جدییە. هیوادارین ئەمە پڕۆسەیەکی نوێ دەستپێبکات. نیگەرانیمان هەیە، بەڵام بە هۆشیارییەوە لێی نزیک دەبینەوە. چونکە بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەمە پێویستییەکە، بەڵام هیوادارین کە هەڵە بین، بەڵام دەبێت ڕێگەی سیاسەت لە تورکیا و کوردستاندا بکرێتەوە. لێرەوە گۆڕەپانی سیاسی نوێ سەرهەڵدەدات کە بەبێ کوشتن پرسەکە چارەسەر بکات."