لەزگین بۆتان لەو بارەیەوە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گونجاوترین مۆدێلە بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
'بۆ گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە ئەڵتەرناتیڤە'
لەزگین بۆتان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێکهاتەی فرە چەشنیەکانی ناوچەکە تەنیا لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک دەتوانن بەردەوام بە ژیان بدەن، ئەم تێگەیشتنە سیاسییە تاکە ئەڵتەرناتیڤە بۆ کێشەکانی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە.
لەزگین بۆتان ئەوەشی بە بیری خستەوە کە ئەو ڕوانگەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە نەورۆزی ئامەدی ٢٠١٣دا پێشکەشی کرد، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕێگری لێکرا، و وتی: "دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ شەڕی دەستپێکردەوە و لەو کاتەوە توندوتیژی زیادی کردووە. لەو ماوەیە ١٥ شار وێران کران، خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ کران. شەڕ لە باکوری کوردستان بە هەموو لایەکدا بڵاوبووەوە، عەفرین و هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوا داگیرکران. ئەمەش کارەساتی لێکەوتەوە. لە باشووری کوردستان چەکی کیمیایی دژ بە گەریلا بەکارهێنرا، هەموو ئامراز و میتۆدێک بەکار هێنرا، سەرەڕای ئەمەش گەلی کورد بەرخۆدانی مەزنی بەڕێوە برد. لە هەلومەرجی ئێستادا تاکە چارەسەری هەموو کێشەکان فکر و فەلسەفەی بەرێز ئۆجالانە."
'ئەگەر چارەسەری دیموکراتیک پەسەند بکرایا، پێشی لە ڕووخانەکان دگرت'
لەزگین بۆتان ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵانی ٢٠٠٠ەوە پێشبینی دەکرد کە ناوچەکە بە خێرایی ڕووبەڕووی داڕمان و وێرانکاری دەبێت، لەو کاتەدا ئەمەی دەربڕیوە و لەهەمان کاتدا هۆشداری داوە و وتی: "ئەم پێشبینییە بە داڕمانەکانی ئێستا پشتڕاست دەبێتەوە. ئەگەر مۆدێلی چارەسەری دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان کە پێشنیاری کردبوو جێبەجێ بکرایە، ئەوا ڕێگری لەم کاولکارییە گەورانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا دەکرا."
'ئەگەر دەوڵەت چارەسەری دەوێت، دەبێت هەموو بەربەستەکان هەڵبگرێت'
لەزگین بۆتان ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی دیموکراتیک، فره کولتووری و فرە زمانی به پێشەنگایەتی کورد له ڕۆژئاوا بنیات نراوە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە مۆدێلێکی مومکین و گونجاوە، بەڵام تورکیا هەوڵدەدا مۆدێلی چەوساندنەوە و ناوەندیی خۆی به سەر سوریادا بسەپێنێ، که ئەو ڕێبازەش قبوڵکراو نییه .
بۆتان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تورکیا ناتوانێت دەوڵەتێکی چارەنووس ساز بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەسەڵاتی سەرەکی ناوچەکە ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە پشتیوانی لێدەکەن، بەرخۆدانی گەلی کورد سیاسەتی فاشیستیانەی تورکیای پووچەڵ کردووتەوە. ئەو کوردانەی خۆیان لەسەر فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان بەڕێکخستووە، بە مۆدێلێکی مرۆڤدۆستانە، لە گەڵ هەموو پێکهاتەکان پێکەوە ژیانیان خوڵقاندووە، بەو شێوەیە ڕێبازی نکۆڵی و فاشیستی تورکیایان لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پووچەڵ کردووەتەوە."
'هەتا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکرێت، ئاشتی بەدی ناێەت'
لەزگین بۆتان ئاماژەی بەوەدا کە دیدارەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتێکی گەورەی بۆ هەموو لایەک ڕەخساندووە و وتی: "ئەم دیدارانە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، هەروەها بۆ لاوازکردنی ڕژێمی فاشیستی و بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ گەلان."
بۆتان ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەوڵەکانی پێشووی ڕابگرێت، پێویستە مۆدێلی چارەسەری دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان بەبنەما بگرێت هەتا پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، بەتایبەت پێویستە بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. بە بەکارهێنانی مافی هیوا، لابردنی بەربەستەکان بۆ بەرێز ئۆجالان زۆر پێویستە. ئەگەر داوای دیموکراسی و ئاشتی دەکرێت، دەبێت وانە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگیرێت و مۆدێلی چارەسەری بەڕێز ئۆجالان بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ئەمەش دەبێت بەرێز ئۆجالان ئازاد بکرێت و بتوانێت لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا کۆببێتەوە."