بە دیمەن

ئەدهەم جومعە: بوونی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیا مەترسییەکی جددییە

ئەدهەم جومعە سەرنجی خستەسەر مەترسی هەبوونی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیا لە عێراق و وتی: "پێویستە عێراق بە زووترین کات هەوڵی چەککردنی گروپەکانی سەر بە تورکیا بدات لە کەرکوک و نەینەوا کە کە تورکیا بۆ جێبەجێ کردنی ئەجیندایی خۆی دایمەزراندوون."

لەگەڵ هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆسەر عێراق، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ "ئەسیل نوجەیفی" پارێزگاری پێشووی نەینەوا و عەشێرەتەکەی گروپی چەکداری بەناوی "پاسەوانی نەینەوا" دامەزراند کە پێکهاتوون لە عەرەبی سونە و بەشێک لە سەرباز و ئەفسەرە بەعسییەکانی رژێمی پێشووی عێراق، بۆئەوەی ببێتە قۆڵێکی سەربازی تورکیا لەناو خاکی عێراق، بە هەمان شێوە لە شاری کەرکوک هێزێکی بەناوی "قەڵغانی کەرکوک" دروست کرد بە پێکهاتوون لە گەنجانی تورکمان و هەردوو هێزەکە لە تورکیا مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و مووچە و فەرمان لە سوپای داگیرکەری تورکیا وەردەگرن و ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، جگە لە سیخوڕیکردن بەسەر حکومەتی عێراق، هەمووان دەزانن کە تورکیا لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی ئەجێنداکانی پەیڕەو دەکات بە مەبەست گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان لە عێراق و سوریا، لە هەمان کاتدا خەونەکانی دەوڵەتی تورک و "جارنامەی ملی" هەمیشە بوونی هەیە.

بێگومان بوونی ئەم جۆرە گروپ و هێزە چەکدارانە مەترسی گەورە بۆ سەر خاکی عێراق دروست دەکات، لەلایەک ئەگەری ئەوە هەیە کە فەرمانێکی هاوشێوەی فەرمانەی ٢٠١٤ کە بەسەر پێکهاتەی ئێزیدی هات دیسان دروست ببێت، ململانێکانی نێوان گەلان و باوەڕەکانی عێراقیش زیاتر و فراوانتر بکات، بۆیە تورکیا لە ڕێگەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر پاڵپشتی دارایی ئەو هێزانە دەکات.

بوونی ئەو گروپ و هێزە چەکدارانە لەسەر خاکی عێراق نارەزایەتی لایەنە شیعییەکانی عێراقی لێکەوتۆتەوە هەروەها ڕاپۆرتە هەوڵگرییەکانی عێراق مەترسی ئەو هێزانەیان ئاشکراکردووە کە فەرمان لە تورکیا وەردەگرن بۆ جێبەجێ کردنی ئەجیندای تورکیا، وەکو چاودێران دەلێن هەرچەندە عێراق هەندێک هەنگاوی یاسایی ناوە بۆ چەککردنی ئەو گروپانە بەڵام وەکو پێویست نەبووە، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ دەنگی هەڵبژاردووە و تەنانەت بەپی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق ئەندامانی گورپەکانی نزیک لە تورکیا لە ڕێگای فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێن بۆ مەشق کردن و لەڕێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پارە وەردەگرن، سیاسەتمەدارانی عێراق داوا لە حکومەت دەکەن هەڵوێستی جدییان هەبێت رێخۆشکەر نەبن بۆ جێبەجێ کردنی ئەجیندای دەرکەی لەڕێگای ئەم گروپ و هێزە چەکدارانەوە.

'تورکیا تورکمان و سوننە بەکاری دەهێنن'

ئەدهەم جومعە چاودێر و شرۆڤەکاری سیاسی و چالاکوان ڕایگەیاند، هێزەکانی گروپی چەکداری "قەڵغانی کەرکوک" لە کاتی هێرشەکانی چەتەکانی داعش پێکهاتووە و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت و وتی: "ئەو مەترسییانەی لە سوریا هەیە لەئیستادا لە عێراقیش هەیە کاتێک کە ئەلێن لە عێراق هەیە بە تایبەتی لە دوو شوێنی دیاریکراو، ئەویش پارێزگای کەرکوک و نەینەوایە، ئەو ئامرازانەی کە تورکیا لە سوریا بەکاریهێنا بۆ ڕووخانی حکومەتی ئەسەد هەمان ئەو ئامرازانە ئێستا لە عێراق هەیە، تورکیا هێزەکەی لە نەینەوا بە عەرەبی سوننە و بەعسییەکان دروست کردووە، لە کەرکوکیش لەگەل بەشێکی زۆری تورکمان هێزەکەی دروست کردووە، لە کەرکوک لە سالی ٢٠١٤-٢٠١٥ لە گەل دەستپێکی هێرشەکانی داعش هێزێک دروست کرا بەناو "قەڵغانی کەرکوک" ئەو هێزە لە چەندین شوێنێ شارەکە وەکو( پردێ، یایچی ، لەیلان، داقووق و لە ناو کەرکوک) بارەگای سەربازی هەیە و مووچە و پێداویستییەکانیان هەمووی لە تورکیاوە دێ، بێگومان ئەم زانیاریانەش لە زاری هەوالگری عێراق و لایەنە شیعییەکانی ناو حکومەتی و حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی فەرمی بڵاوکراوەتەوە، کە ئاماژە بەوەدەکەن ئەم هێزانە مووچە لە تورکیا وەرگرن بەڵام باج و هەڵگرتنی چەک لە لایەن گرووپێکی تورکمانی ناو حەشدی شەعبی دابین دەکرێت تاوەکو ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و کارەکانی ئەم هێزانە بکرێت".

'بەعسییەکان سەرپەرشتی گروپە چەکدارەکانی تورکیا لە نەینەوا دەکەن'

هەڕوەها ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا، تیشکی خستەسەر ئەو کەسانەی کە لە ناو ئەو هێزانه شوێن دەگرن و ئاشکرای کرد که ژیانیان پارێزراو نییه، هاوکات سەرنجی بۆ تەماح و نیگەرانییەکانی تورکیا بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا ڕاکێشا و دەڵێت: "لە نزیکەوە خەڵکی ناو ئەو هێزانە ئەناسم، بەداخەوە ئەگەر تورکمانیش بن ئەوانە هەندێکیان بۆ دامەزراندن و بۆ پارە ئەو کارە دەکەن، تەنانەت تورکیا بە ئەندامانی ئەو هێزانەی ووتووە هیچ  بەرپرسیارێتی ئێوە هەڵناگرین چ کاتێکیش کوژران ئێمە چوار هەزار دۆلار دەدەین بە بنەماڵەکەتان، بنکە و بارەگاکانی گروپی 'پاسەوانی نەینەوا'ی سەربە تورکیا لەناوچە پەراوێزەکانی موسڵ بڵاون بەتایبەتی لە نزیک بنکەی سوپای تورکیا کە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پێشووی سوپای بەعس بەڕێوەدەبردێت کە لەلایەن تورکیاوە ڕاهێنانیان پێکراوە و ئامادەکراون بۆئەوە هەر جولەیەک لە عێراق هەبێت ئەوان دەست بکەن بە کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا، چونکە تورکیا چاوی بڕیوەتە کەرکوک، هەولێر و نەینەوا، کە تورکیا بە ئاشکرا ووتوویانە کە ئەم ناوچانە ویلایەتی موسڵە و رۆژێک وەری دەگرینەوە".

'بۆ سنوردار کردنی ئەم هێزانە هەوڵ هەیە'

ئەو چاودێرە سەرنجی خستەسەر ئەجیندا مەترسیدارەکانی تورکیا کە هەمیشە کۆمەڵکوژی و سڕێنەوەی پێکهاتەکانی تێدایە و دەشڵێت هەندێک لە لایەنەکانی حکومەتی عراق و شیعەکان هەنگاوی جدییان بۆ سنوردار کردنی ئەم هێزانە ناوە و دەڵێت: " تورکیا عەرەبی سوننە بەکار دێنێت، هیچ کاتێ دەستی نەپاراستووە لە کوشتنی خەڵک ئەگەر دورزییەکان بێت، عەلەوییەکان بێت یان خەڵکی پێشکەوتوخواز و عەلمانی بێت یان خەڵکی خاوەن عەقڵێکی کراوە بێت، کە ئێستا لەڕێگەی گروپە چەتەکانی لە سوریا کەسایەتییەکان تیرۆر دەکات و دەست لە کەس ناپارێزیت، جەنگەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست سەلماندی کە هەرچەندە جیهان پێشبکەوێت کۆمەڵکوژی کەمینەکان هەر بەردەوامە، دوور نیە کە کۆمەڵکوژییەکانی سوریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە لەڕێگەی چەتەکانی سەر بە تورکیا، بێگومان لایەنە شیعەکان زوو درکیان بە مەترسی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کرد، بۆیە ئێستا دەستیان کردووە بە سنوردار کردنی توانای ئەو هێزانە لەڕێگەی یاساوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و ڕایانکردووە و لەئیستادا لە دهۆک نیشتەجێن".

'بێدەنگی لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد یەک ناگرێتەوە'

ئەو چاودێرە سیاسییە، ڕەخنەی لە هەردوو حزبی دەسەڵاتی باشوری کوردستان و بەتایبەت حکومەتی هەرێم گرت کە هەڵوێستیان بەرامبەر بەو گروپە چەکدارانە نیە، ڕایگەیاند: "تورکیا لە کوێ لاواز بێت ئەوە گەلی کورد لەوێ گەشەی کردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە تائێستا حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵات تەنانەت بەیاننامەیەکی فەرمییان لە دژی ئەم گروپە چەکدارانە نیە، کە هەردوو هێزەکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی باشوری کوردستان جێگیرکراون، حکومەتی عراق و لایەنە شییعەکان ئێستا زۆر هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئەم هیزانە هەیە، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستەکانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان زۆر خراپەو یەک ناگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەی کورد".

'گروپەکانی سەر بە تورکیا مەترسیین بۆسەر پێکەوەژیان'

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەدهەم جومعە چاودێر و شرۆڤەکاری سیاسی، داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە هەڵوێستی جدی بگرنەبەر و بەتایبەتی حکومەتی هەرێم نابێت ڕێخۆشکەر بێت بۆ هاتوچۆی ئەو هێزانە و ڕایگەیاند: "داواکارم لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بە زووترین کات ڕێکاری یاسایی لەگەڵ ئەم هیزانە بکەن، هەرچەندە حکومەت عێراق دەستی بە هەندێک هەنگاو کردووە بەڵام لاوازە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بێتەسەر خەت و ڕێخۆشکەر نەبێت بۆ هاتووچۆی ئەم هێزانە، چونکە بەداخەوە ئەم هێزانە هەموویان لە هەولێرەوە هاتوچوی تورکیا دەکەن بۆ مەشق پێکردن، داوا لە خەڵک، حیزبەکان و حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەم کە هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ بەرتەسک کردنەوەی جوولەی ئەم هێزانە و بەڵکو لەناوبردنیان لە ڕووی یاساییەوە بۆئەوەی نەبنە هۆی کێشەی گەورەی وەکو شەڕی نەتەوەی و تایفی کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە، پێویستە لەم ناوچانە پەرە بە پێکەوەژیان بدرێت".