ئەحمەد تورک و ئەحمەد داودئۆغڵو کۆبووەنەوە

ئەحمەد داودئۆغڵو و ئەحمەد تورک دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییان سازکرد و لەپێناو دیالۆگ و دیموکراسیدا بانگەوازیان راگەیاند.

هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری مێردین ئەحمەد تورک کە قەیوم لە شوێنەکەی دانراوە، لەگەڵ سەرۆکی پارتی گەلەجەک (ئایندە) و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا داودئۆغڵو دۆسیەیەکی لەبارەی روانگەکانی لەسەر پرسی کورد پێشکەش بە ئەحمەد تورک کرد. دوای کۆبوونەوەیەکی داخراویش کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

ئەحمەد تورک لەسەرەتادا قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە لەسەر پرۆژەیەکی دیموکراتیک بیروڕایان گۆریوەتەوە.

ئەحمەد داودئۆغڵوش لای خۆیەوە ئەحمەد تورکی وەک "سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری مێردین" ناودێر کرد و بانگەوازی بۆ دیموکراسی و دیالۆگ راگەیاند. ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لەوەکرد کە بەرپرسیارێتی مێژوویی تورکیا ئەوەیە کە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ کوردان لە سوریا و عێراق ساز بکات.

داودئۆغڵو سەرەخۆشیشی لە ئەحمەد تورک کرد، کە شەوی رابردوو خوشکەکەی کۆچی دوایی کردبوو.