گردبوونەوەی "دیموکراسی و ئازادی" لە ئێلح بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان بە جۆشەوە بەردەوامە.
چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازادی کوردستان (تەژەئا) ئایلا ئاکات ئاتا قسەی کرد و ڕایگەیاند گەل قەیوم قبووڵ ناکات، دووپاتی کردەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورد گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەل دەوەستنەوە.
ئایلا ئاکات تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ئێلح بە درێژایی مێژوو گوتی: "ئێلح، جگەرخوێنە کە دەڵێت "ئێمە کێین"، ئەم شارە بە تاوانی کوشتنی بکەرنادیار هەراسان و بێدەنگ نەکرا. ئەوانەی دەستبەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن، ئێلح ترسی خستووەتە دڵیانەوە".
ئایلا تیشکی خستەسەر بەرخۆدان دژی دانانی قەیوم و گوتی: "١٥ ڕۆژە گەنجان دەڵێن "ئێمە لێرەین، لەکۆتاییدا قەیوم دەچن، بەڵام ئێمە لێرەین، قەیوم دەچێت و ئێمە لێرە دەمێنینەوە". بەڵام بەداخەوە کەس دەنگی گەنجان نابیستێت، هێشتاش لەسەر سیاسەتی قێزەونی خۆیان پێداگرن".
ئایلا ئاکات ڕایگەیاند قەیوم پێش هەموو شتێک دوژمنی ژنانە، دوژمنی ئیرادەی ژنی ئازادە، قەیوم لەو شوێنانە دادەنرێت هاوسەرۆکانی شارەوانی ژن زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، جەختی کردەوە ئەمە هۆکاری تێکۆشانی تەژەئایە و بۆ ڕێکخستنی ژنان و بنیاتنانی ژیانی ئازاد تێدەکۆشن، گوتی: "بۆیە ئەوان دەترسن، لە "ژن ژیان ئازادی" دەترسن. "ژن ژیان ئازادی" ڕاستی گەلی کوردە. دەڵێین تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت. ئەوان چی دەکەن، ئەوان قەیوم لە شوێنی هاوسەرۆکانی شارەوانی و دامەزراوەکانی ژنان دادەنێن. لە شوێنی ئەوان پیاو دادەنێن، دەرگای شارەوانیەکان لە گەل و ژنان دادەخەن. بۆیە ئێمە تێدەکۆشین و خۆمان ڕێکدەخەین و ئازاد دەبین".
ئایلا جەختی کردەوە سیاسەتی قەیوم سیاسەتی شەڕی تایبەت و چارەسەرنەکردنە، گوتی: " بە دانانی قەیوم دان بە ئیرادەی گەلدا نانێن. ساڵانێکە دەڵێین شەڕمان لەم وڵاتە ناوێت. ئێمە دەڵێین دەمانەوێت لە ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیکەوە ئەم پرسە چارەسەر بکەین. بەڵام نایانەوێت ئەم بانگەوازەی گەل بخەنە ڕۆژەڤی خۆیانەوە. ئێستا ١٤ ڕۆژە گەل لەم گۆڕەپانەدا بەرامبەر تیرۆری دەوڵەت بەرخۆدان دەکەن. ئەوانەی دەڵێن ئێوە قسەتان نییە. لەم گۆڕەپانەدا وەڵام دەدەینەوە. ئێمە دەڵێین ئێوە ڕاستییەکان دەشێوێنن. ڕاستییەکان چەواشە دەکەن".
ئایلا دووپاتی کردەوە ڕێگەی چارەسەر لە ئیمراڵییە و چارەسەر پێکەوەژیانە، بەڵام دەسەڵات ڕەتی دەکاتەوە، گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٣ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گوتی ٢٠ ساڵە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەمان دەوێت. گوتی "ئێمە بۆ چارەسەر ئامادەین". لەو ڕۆژەوە گەل لەسەر پێیە. گەل گوتی "ڕێگەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگەی ئێمەیە". بەڵام ئێوە کەڕ و کوێرن. ئیرادەی گەل لێرەیە. نوێنەرانی گەل لێرەن. تەژەئا لێرەیە. گەل لێرەیە. تەڤگەری ژنانی کورد لێرەیە. بۆ چارەسەر ئامادەن. بۆ هەنگاونان ئامادەن. هەتا کۆتایی تێدەکۆشین. هەتا کۆتایی و هەتا چارەسەر تێدەکۆشین. با هەمووان ئامادەبن. بەڵام نابێت دوایین شت لە سەرەتاوە بڵێین. ئێمە دەڵێین، ئەو دەرگایانە بکەنەوە.گەل دەیەوێت دەنگی عەبدوڵا ئۆجالان ببیستێت. ئەو دەرگایانە بکەنەوە. گەل گوێی لە باخچەلیش گرت. گوێی لە ئەردۆگانیش گرت. ئیتر دەزانێت کێ ڕاست دەکات و کێ درۆ دەکات. ئێمە دیسانەوە لێرە بۆ چارەسەری دیموکراتیک دەنگ هەڵدەبڕین".