هەرێمی بەرخۆدانی سەرگەلێ
لە گەشتەکەماندا شایەتی دڕندەیی دەوڵەتی تورکین و دەگەینە هەرێمی بەرخۆدانی سەرگەلێ. ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێ وێنە و مۆڕاڵی بەرزی گەریلا دەبینەوە.
لە گەشتەکەماندا شایەتی دڕندەیی دەوڵەتی تورکین و دەگەینە هەرێمی بەرخۆدانی سەرگەلێ. ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێ وێنە و مۆڕاڵی بەرزی گەریلا دەبینەوە.
وەک دەزانین غەززە لە ڕۆژەڤی هەموو جیهاندایە. بەڵام ئەم شوێنە غەززە نییە. لە جیهاندا هەرێمێکی چەند کیلۆمەتری هەیە کە ڕۆژانە بۆمبی بەسەردا دەباڕێنن. شوێنێک کە ڕۆژانە ژن، منداڵ، مرۆڤ دەکوژرێت. هەرێمێک کە ڕۆژانە پەرستگە، شەقام، مرۆڤ و منداڵان بۆردومان دەکرێت و کوشتن ڕوودەدات. دەوڵەتی تورکیش بەو پەڕی چەواشەکارییەوە دەڵێت 'ببینە دەنگی غەززە، ئیسرائیل مرۆڤ کوژە."
لە سەرەوە لە قوڕدا بەرەو خوار بەڕێکەوتووین. هەندێک جار یەکسەر دەچینە خوارەوە، هەندێک جاریش بە قسەی گەریلا 'بەروار، بەروار' خۆمان بەرەو خوار دادەبەزین.
رێزانی ژن ئێمەی بەرەو هەرێمی بەرخۆدانی سەرگەلێ برد، بەردەوام هۆشداری دەدا، 'با خێرا لێرە تێپەڕین، با لێرە خۆمان ڕزگار بکەین، لێرە دانەنیشن، لێرە سەرمان بەرز نەکەینەوە'. بەم هۆشدارییانە بەردەوام رێگاکەمان دەپێوا. کاتێک دار و درەختەکانم دەبینی، هەستم کرد کەمێک ماوە بگەینە شوێنی مەبەست. ڕێزانەکەمان کە پەلەی دەکرد، بەردەوام زەردەخەنەی پێیوە دیار بوو و وتی: "کەمێک ماوە بگەینە سەرگەلێ."
بەڵام ئەو خاکەی ئێمە پێیدا دەڕۆیشتین غەززە نەبوو، ئەمە هەرێمی سەرگەلێ ئامێدییە لە باشووری کوردستان.
بۆ خۆم گوتم ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەسەڵاتدارانی سەربازی و فەرماندەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژانە خۆیان فریو دەدەن و دەڵێن 'بەردی بەسەر بەردەوە ناهێڵین و قفڵی دەکەین'. هەرێمێکی وەهایە کە لە هەر هەنگاوێکدا گولـلە تۆپێک کەوتووە، لە ئاسمانەکەیدا فڕۆکەی سیخوڕی بەردەوام دەسووڕێتەوە و هیچ دارێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکدا بێ بەش نەبووە.
ناتوانین بە ڕێگاکاندا بڕۆین. هەروەها ناتوانین لەسەر زەوی تەنیشت ئەوە ڕێگایانەدا بڕۆین، چونکە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانەوە هەموو شوێنەکان وێران کراوە و نازانرێت کەی بەسەرماندا دەڕوخێت. ئێمەش دەکەوێنە ناو دارەکان و بەم شێوەیە ڕێگا دەپێوین.
لەبەردەممان کۆمەڵێک گەریلا دەرکەوتن، بە هەموو شێوەیەک خۆیان داپۆشیوە و بە ڕێدا دەڕۆن.
مەحاڵە مرۆڤ بگاتە خێراییەکەیان. ئەو خێراییەی کە ئێمە بە دوو هەنگاو دەیپێوین، ئەوان بە هەنگاوێک دەیپێون. پەلە دەکەن. ئامانجیان ڕزگارکردنی گەلێکە بۆیە هێندە پەلە دەکەن.
دڵ دەیویست وێنەی ئەم ساتەوەختە بگرێت، ئەگەر بارانیش ببارێت، دابنیشی و چەند ڕستەیەک بنووسێت لەسەر ئەم ڕاستییە و بە هەموو لایەکدا بڵاوی بکەیتەوە. سەرەڕای ئەوەی دەمزانی دەبێت پەلە بکەین. چونکە مرۆڤ نازانێت کەی بەسەرماندا تۆپ دەبارێت، دەبێت بەردەوام بە خێراییەوە بڕۆین. وەهایە گۆڕەپانی شەڕ مرۆڤ فێری ئەم شێوازە ژیانە دەکات.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، بەهۆی بۆردومانی قورسی فڕۆکەکانەوە، لە هەر بوارێکدا چاڵێک، داڕمانێک دروست بووە. زۆربەی دارەکان شکاون، سووتاون و لەسەر زەوی کەوتوون. پارچە دار، پارچە بۆمب، پارچەی فڕۆکەی سیخوڕی کە بە تەکنیکی گەریلا خراوەتە خوارەوە، پارچەی شکاوی درۆنەکان، پارچەی دار، پارچەی نارنجۆک، ئەو شوێنانەی هەڵوەشاندووتەوە، بەردی ڕەشبوو، دۆڵەکان، ئەو ئاژەڵانەی بەهۆی هێرشەکانەوە مرداربوونەوە، زۆر شتی دیکە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانەوە لەناو چوون...
ماندوو بوون دەتوانێت ببێتە ڕۆژمێرێکی باش، کاتەکان دەگێڕێتەوە. دڵ و مێشکی مرۆڤەکان بە هۆی ئەو ماندوێتیەوە، یان بەپێی ئەوەی هەستی پێ کردووە، سەردەمێک دەخوڵقێنێت.
نازانم ئەم ماندوویەتیە چەندە بەردەوام بوو، بەڵام گەیشتینە کەمپێکی گەریلاکان.
لە کەمپی دەستپێکدا ڕووبەڕووی بێدەنگی بووینەوە. چەند مەترێک چووینە ناو کەمپەکە، بەڵام هێشتا بێدەنگی بەردەوام بوو. بەم جۆرە ناوچانە، بە زمانی سەربازی پێی دەوترێت 'ناوچەیەکی مردوو'، وەک ناوچەیەکی وەها بوو. ئێمە بەرەو سەرەو و ژێر دەڕۆین، بەو هیوایەی گڵوپەکەی دەستم نەکوژێتەوە.
هەر چەندە لەناو کەمپەکەدا بەرەو پێش دەچم، دەنگ دەبیستم. دەنگەکانی یەکمجار هێشتا لە گوێ مندایە. لە ڕادیۆی گەریلاوە سروودی جوان و مستەفا دادار دەبیسترێت: کوردستان کوردستان نیشتمانی جوان. هەر بژی بە شادی و سەربەستی...
کە چووینە ژوورەوە کۆمەڵێک گەریلامان بینی کە لە فڕنێکی بەرددا نان دروست دەکەن. لە سەرەتاوە لە دەوری مێزی گەریلا دانیشتین. کۆمەڵێک گەریلا بە هاوکاری یەکترەوە نان دەکەن. لەو فڕنەی کە بە دەرفەت و دەستی خۆیان دروستیان کردووە نان دروست دەکەن. ئەو گەریلایانەی کە لەو پەڕی بێ دەرفەتیدا بۆ خۆیان دەرفەت دەڕەخسێنن جێگای سەر سووڕمانە. هەر گەریلایەک ئیشێک دەکات و بەو شێوەیە پێکەوە بە ڕۆحێکی یەکگرتووانەوە ئیش دەکەن.
لە لایەکی دیکەی مێزەکەدا نانەکان لە فڕنەکەدا دەردەهێنرێت و هەر نانێک دەکرێتە چوار بەشەوە. گەریلا ئەو چایەی کە لە ناو بوتڵی ڕیچاڵەوە دەم کراوە دابەش دەکات. من یەکسەر وێنەی دەگرم، بەم شێوەیە دانیشتنی دەستپێکی خۆم دیاری دەکەم. خۆم ڕادەکێشم یەک پارچە نانی گەرم دێنم و بە چایەکەمەوە دەیخۆم لە تونێلێکی هەرێمێکی بەرخۆدان کە نازانرێت چەند کیلۆمەتر لە ژێر زەویدایە. وێنەیەکی بەرخۆدان بەم شێوەیە دەر دەکەوێت.
هەتا گەیشتینە هەرێمی بەرخۆدانی سەرگەلێ، ئێمە دڕندەییەکی زۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورکمان بینی. لە لایەک دڕندەیی هێرشەکان، لەلایەک مۆڕاڵی بەرزی گەریلاکان، کە لە هیچەوە بەو پەڕی بێ دەرفەتیەوە بەدەستی خۆیان ژیانێکی دیکەیان خوڵقاندووە، مرۆڤ سەرسام دەکات. نهێنیەکانی بەرخۆدان لە دژی ئەو هەموو هێرشەدا تەنها لای ئەوانە و ئەوان دەتوانن باسی بکەن...