ئۆندەر لە پەرلەمان یادکرایەوە
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی سری سورەیا ئۆندەر کە ٣ ی ئایار کۆچی دوایی کرد، لە پەرلەمان یادکرایەوە.
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی سری سورەیا ئۆندەر کە ٣ ی ئایار کۆچی دوایی کرد، لە پەرلەمان یادکرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا لە لیژنەی گشتی پەرلەمان، ئامادەبووان وێنەی ئۆندەریان بە سینگی خۆیانەوە کردبوو.
وێنەی ئۆندەر بە گوڵ ڕازێنرایەوە و لە بەشی فراکسیۆنی دەم پارتی دانرا. یادکردنەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد. پاشان سەرۆک فراکسیۆنی ئاکەپە، بەکیر بۆزداغ قسەی کرد و سەرەخۆشی کرد. ڕایگەیاند بۆ کۆچی دوایی ئۆندەر زۆر غەمگینن، گوتی: "ئۆندەر زیهنیەتی سیاسەتی ڕێککەوتنی کردبووە ڕێبازی خۆی، ئەم کەسێتییەی لەلایەن چەندین لایەنەوە خۆشویستراو بوو، مرۆڤێکی تایبەت بوو".
سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەنی یۆل (Yenî Yol) محەمەد ئەمین ئەکمەن، گوتی: "لە کاتە سەختەکاندا بە بزەی خۆی هەموو شتێکی دەگۆڕی، بەهیوام وەک میراتی ئەو ئەم پرۆسەیە لە نزیکترین کاتدا کۆتایی پێ بهێنین. ئەو جەستە و تەندرووستی خۆی کردە ئەم فیدایی ئەم پرۆسەیە".
سەرۆک فراکسیۆنی ئی پارتی بوگرا کاڤونجو سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئۆندەر و دەم پارتی کرد.
سەرۆک فراکسیۆنی مەهەپە ئەرکان ئاکچا، گوتی: "بە تێکۆشانی بۆ ئاشتی و ئارامی و برایەتی هەردەم لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە. هەوڵ و فیداکارییەکانی بۆ بێدەنگکردنی چەک، نیشانەی ڕوونە بۆ ئایندەیەکی ئارام و ئاشتییانە بۆ تورکیا".
هەروەها سەرۆک فراکسیۆنی جەهەپە موراد ئەمیر سەرەخۆشی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە زۆر غەمگینن. ئەمیر گوتیشی: "هەرگیز کەس گومانی لە دادپەروەرییەکەی نەدەکرد، لە کاتی قەیران و نائارامیشدا ئەگەر ئەرکداریش نەبووایە، دەهاتە ژوورەکە و کەمێک ڕەوشەکەی هێوردەکردەوە. ئەو بۆشاییەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە پڕناکرێتەوە".
سەرۆک فراکسیۆنی ئاکەپە ئەمین ئاکباشۆغلو گوتی: "برینێکی سەختە، ساتی خۆشی لە دڵ و مێشکی ئێمە جێهێشت".
سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ڕایگەیاند ئۆندەر ملیۆنان کەسی لەدەوری یەک کۆکردەوە، هەمووان غەمگینن، گوتی: "ئەو باوەڕی بە گەلانی ئەم وڵاتە کرد. بۆ ئاشتی گەلان خەباتی کرد. ڕۆڵەیەکی پێشەنگی ئەنادۆڵ و تورکمانەکان بوو. دۆستی کورد بوو. سەرەڕای نەخۆشییەکەی، بە شەو و ڕۆژ بۆ ئاشتی کورد و تورک تێکۆشا. دەیگوت "ئەمجارە سەردەکەوین". با بەڵێنی پێ بدەین کە ئاشتی دەهێنین بۆ ئەم وڵاتە و تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێین".
سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی، سەزای تەمەلی ڕایگەیاند هەنگاوەکانی ئۆندەر بۆ ئاشتی دەبێتە ڕێگەنیشاندەری هەموو ئەو کەسانەی بۆ ئاشتی لەم وڵاتە تێدەکۆشن.