فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی مەدەنی - یەکینەکانی پاراستنی مەدەنی ژن (یەپەسە) سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جولەمێرگ و دانانی قەیوم بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
یەپەسە-یەپەسە ژن وتی: "وەک گەلی کورد لە لێواری ئەزموونی کودەتایەکی دیکەداین". کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەرەڕای هەموو کردەوە فاشیستەکانی نەیتوانی ئیرادەی گەل بشکێنێت، میکانیزمی کودەتای قەیومی دژ بە سیاسەتی دیموکراتیک دروستکرد. ئەم میکانیزمە یەکەم نموونەی جیهانە و تایبەتە بە کۆماری فاشیستی تورک. ئێمە پێشبینی ئەوە ناکەین کە نموونەیەکی دیکەش هەبێت. شارەوانی و ئیدارە ناوخۆییەکان بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەلن. ئەو شارەوانییەی لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، لە ڕاستیدا نوێنەری گەلە. لە ڕاستیدا خودی گەلە. حکومەت بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات. بەڵام وەک لە دوای هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی ٣١ی ئادار دا بینیمان، کاتێک باس لە کورد و کوردستان دەکرێت، هیچ فەرمی بوونێک نییە و دەکرێت بە پاساوی دەستکرد لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دەست بەسەر ئەو ئیرادەیەدا بگیردرێت. بەو پێیەی هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی تورکیا خۆیان بە فاشیزم فرۆشتووە، ڕاستەوخۆ ئەوەی ئەردۆغان لە کتێبی فاشیزمدا وتوویەتی دەنووسنەوە. وەک گەل وتمان دەنگ بە خۆمان دەدەین. کەواتە ئەم شارەوانیانە ئێمەین. وە دانانی قەیوم لە دژی ئەم شارەوانیانە هێرشێکە بۆ سەر ئێمەی گەل. دوژمن بە ئەنقەست هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتە فەرمییەکانمان. دەیەوێت بە تێکچوونی ئیرادەی سیاسی بە گشتی تێکۆشانمان لاواز بکات. بەم شێوەیە دەیانەوێت لە ڕووی هۆشیاری و خۆپاراستنەوە لاوازمان بکەن. بەڵام ئێمە وەک گەلی کورد زۆر باش دەزانین کە دەبێت بۆ ڕزگارکردنی نەک تەنها دەستکەوتە فەرمییەکانمان بەڵکو هەموو خاکەکەمان لە دژی داگیرکاری تورک تێکۆشان بکەین. ئەگەر مافی دەنگدانمان نەبێت، مافی ئۆپەراسیۆن و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیمان بەکار دەهێنین. وەک ئەو دایکەمان کە لە جولەمێرگ وتی: "ئایا بەس نییە، ئێستا لە هەموو شوێنێک قیامەت بەرپا دەکەین!"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێکەوت نییە کە ئەم هێرشە دوای سەرکەوتنمان لە شارەوانی جۆرنێ رەش ئەنجامدراوە."
"ئەوە سیاسەتێکە ئەگەر شوێنێک دەست بەسەردا بگریت لە شوێنێکی دیکەدا،گورزت بەر دەکەوێت، وەک شارەوانی جۆرنێ رەش هاوشێوەی شارەوانی جولەمێرگ بە یەکێک لە ناوەندەکانی توانای دوژمن بۆ جێبەجێکردنی چەمکی شەڕ دادەنرێت. بەم شێوەیە هەموو شوێنێک دەکەنە ئامانج. ئەو دۆخەی ئێمە تووشی دەبین، سیاسەتێکی دوژمنە کە ئێمە ئاگادارین. وەک گەل لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە بەرخۆدانێکی بێوێنە شارەوانی وانمان وەرگرتەوە، بەڵام نەدەبوو شرناخمان لەدەست بدایە، کە بەهۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی بەسەردا گیرا و لە ڕۆژەڤی ئێمەدا بوو، نەدەبوو قەرس-یش لەدەست بدەین. هەروەها نەدەبوو ئەو شوێنانە لەدەست بدەین کە ڕوون بوو تێدا سەرکەوتین. دەبێت بە سەرهەڵدان و خۆپاراستنەوە وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی داهاتوومان هەبێت. ئێمە وەکوو گەل لە هەموو شوێنێک ڕاوەستاین، بەڵام بەرخۆدانمان وەک وان بە ئامانج نەگەیشت. ئێمە بەرگریکار و هەڵسوڕاوانی مافە دیموکراتیکەکانی خۆمانین. ئێمە وەکوو گەل پێویستە لەم بارەیەوە ڕوون بین. ئێمە بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆمان لە دژی هەر پرسێک ڕاپەڕین، هەرجۆرە چالاکیەکمان لە دژی دوژمن ئەنجامدا، لەبەر ئەوە مافی خۆمان بوو و ئەمڕۆش مافی ئێمەیە.
جولەمێرگ هی ئێمەیە
وەک گەل وەڵامی ئێمە بۆ ئەو کارەی قەیوم لە دژی شارەوانی جولەمێرگ ڕوونە. " جولەمێرگ هی ئێمەیە!" وان هی ئێمەیە. شەرناخ هی ئێمەیە. دێرسیم، ئامەد، سێرت، ئێلح، ڕوحا هی ئێمەن. باکور کوردستان هی ئێمەیە. وەک چۆن لە وان ڕووبەڕووی قەیوم بووینەوە و کۆتاییمان پێهێنا، بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادەین جولەمێرگ تەسلیمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێت. ئەمە شێوازیکی شەڕە و ئێستا هەموو شێوازێک تاقی دەکەنەوە بۆ ئەوەی یەک بە یەک شارەوانییەکان لە دەستمان دەربهێنن. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، تەنانەت بە دوای میتۆدێکی نایاساییشدا ناگەڕێن. گەورەترین وەڵام بۆ ئەم ساختەکارییە، خۆپاراستنی گەلە. پێویستە لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان زیاد بکەین و ڕاپەڕینەکان بەرفراوانتر بکەین و خۆپارێزیمان بەهێز بکەین تا شارەوانیەکەمان وەربگرینەوە. قەد نابێت تەسلیمی ئەم هێرشانە بین. کاتی ئەوەیە یەپەسە و یەپەسە ژنی جولەمێرگ دەست بەکار بن. ژن، پیاو، گەنج و پیر، کاتی کردار هاتووە. کاتی ئەوە هاتووە ئێمە وەک هەموو گەلی کوردستان و بەتایبەتی جولەمێرگ و ناوچەکانی دەست بەکار وچالاکییەکانمان بکەین. لەبەر ئەوە مەسەلە تەنها دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی یان قەیوم نییە. بەڵکوو مەسەلە داگیرکارییە، مەسەلە چەوسانەوە و تاڵانکردنە. دەبێت هەموومان بێنە سەر شەقامەکان و بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشان بدەین و ملکەچی ئیرادەی دوژمن نەبین.
بەرخۆدان بەرەو سەرکەوتنمان دەبات!