لەبارەی دۆخی نیشتمانەوە پەیامێک ئاڕاستەی دەسەڵات کرا
سۆران عومەر مۆریاسی سەرۆکی پێشووتری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندام بووەکانی کوردستان، لەسەر مەزاریی شەهیدان لەبارەی دۆخی نیشتیمانەوە پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵات کرد.
سۆران عومەر مۆریاسی سەرۆکی پێشووتری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندام بووەکانی کوردستان، لەسەر مەزاریی شەهیدان لەبارەی دۆخی نیشتیمانەوە پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵات کرد.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لەسەر مەزاری شەهیدانی گردی سەیوان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە میدیا کوردییەکان، سۆران عومەر مۆریاسی سەرۆکی پێشووتری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندام بووەکانی کوردستان پەیامێکی لەسەر دۆخی نیشتیمان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران و بەتایبەت دەسەڵاتداری پەدەکە کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا سەری ڕێز و نەوازشی بۆ هەموو شەهیدان دانەواند و ئاماژەی بەوەد؛ کە قسەکانی ئەو بە سیفەتی پێشمەرگەیەکە کە لە پێناو خاکدا خۆی قوربانی کردووە، نەک بەسیفەتی پۆستی پێشووی.
سازشکردن بۆ ئەو گەلەی پشت و پەناتان بوون کردەیەکی شکۆدارانەیە
سۆران عومەر مۆریاسی، سەبارەت بە دۆخی گەل و نیشتیمان وتی: "ئەو گەلەی لە سەختترین ڕۆژەکان پشت و پەناتان بوون و بەئێستای گەیاندوون، سازشکردن لە پێناویاندا کردەیەکی شەرەفمەندانەترە، داواکرای ئەوان زۆرتر نییە لە مافەڕەواکانی خۆیان، خۆ ئێوە نیشتمانتان داگیرنەکردووە بۆ زیاکردنی باج و خەراج و بردنی سامانی میلەت بۆ کومپانیاکان . ئەم میلەتە ژیانی چەندین ڕۆڵەی لاوی خۆی لەپێناو خاکدا بەخشیوە و هەق وانەبوو بەم جۆرە پاداشت بدرێتەوە."
هەر لە پەیامەکەیدا، سۆران عومەر مۆریاسی، باسی لەوە کرد کە گەلی کورد لەو دۆخەی تیایەتی ڕازی نییە و بەهۆی هەڵەی دەسەڵاتدارانەوە لە هەڵبژارنەکانی ڕابردوودا زیاتر لە نیوەی گەل بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردووە.
چاوساغیکردنی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک، بەدیهێنەری خەونی دەوڵەتی توکە
مۆریاسی لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرەنجی خستە سەر سیاسەتی چاوساغیانەی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئەوەی کە ئێستا بە ڕێگەخۆشکردن بۆ تورکیا بەڕێوەدەچێت، خەریکە خەونی سەدساڵەی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەدیدێنێت و ئەوەی نەیتوانی لەڕێی ئۆپەراسیۆنەکانیەوە ئەنجامی بدا، خەریکە بەئاسانی لە ڕێگەی بازرگانی، پارەی نەوت و غازەوە بەدەستی دێنێت."
هەر لە پەیامەکەیدا مۆریاسی ڕووی قسەکانی لە سەرۆکی یەنەکە کرد و وتی: "لەم دۆخەی ئێستادا کە خەریکە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ناوچەکە ڕوودەدات، گەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەچێتەوە بە خۆیدا و نەگەڕێتەوە بۆ باوەشی خەڵکەکەی، ئەوە ئەستەمە بتوانێ خۆی بپارێزێت و نەکەوێت."
لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەوەکرد کە وەک پێشمەرگەیەک کە خوێنی بۆ نیشتیمان داوە، خاوەنی پڕۆژەی "خەمی
نیشتیمانە" هەرچەندە لەگەڵ چەند دەزگایەکی سەر بە یەنەکە هەوڵی تاوتوێی پڕۆژەکەی داوە، بەڵام دواجار میدیا و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی خۆی.
لە کۆتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا مۆریاسی پەیامی بۆ میللەتی بەشمەینەتی کورد نارد و وتی: "تا ئێوە ڕێز لە دەوڵەمەندی هەڵتۆقیوی ئەو کەسانەبگرن کە بە نامەردنی گەشتونەتە دەسەڵات، ئەم دۆخە بەردەوام بەرەو خراپتر دەچێت."