ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا لە ٨ی کانوونی دووەمدا هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لەو وڵاتەدا گوڕی. هەرچەندە ڕووخانی ڕژێم بەتەواوی کۆتایی بە ململانێ و ئاڵۆزییەکان نەهێناوە، بەڵام کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە خێرایی خۆیان لە گرووپی تەحریر شام (هەتەشە) نزیک کردەوە و سەبارەت بە بنیاتنانی سووریایەکی نوێ دەستیان بە گفتوگۆ کرد.
محەممەد جولانی، سەرۆکی ڕێکخراوی هەتەشە کە سەرۆکایەتی قۆناغی ڕاگوزەری بەدەست گرتووە، هەتا ئێستاش وەک سەرۆکی گروپێکی چەکدار سەیر دەکرێت، بەڵام کاسایەتیە جیهانیەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بگۆڕێت و ببێتە کەسایەتییەکی سیاسی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا. بەڵام ئەم ڕەوتە به هۆی هەواڵی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکانی ئەو وڵاتەوه زیاتر کەوتە بن سەرەنجەوە و کاریگەڕیی بەرفراوانی له سەر ڕای گشتیی جیهانی دروستکرد. لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە گەورەترین لایەنگری گروپی جیهادی هەتەشەن، بۆ سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە. لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەدا بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا.
ئولالیا ڕێگوانت، نوێنەری پارتی کوپ لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'مافی ژیان لە گەلی کورد دەستێننەوە'
ئولالیا ڕێگوانت، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی ڕۆژئاواوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و تایبەتی گەلی کورد. لێرەدا باس لە شەڕێکی دوولایەنە ناکەین، بەڵکوو باس لە کردەوەیەکی ئاشکرای داگیرکاری دەکەین. دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا گەلانی مەدەنی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. لەکاتێکدا رۆژئاوا هیچ مەترسییەک نییە بۆ تورکیا، ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، داگیرکاری و سەندنەوەی مافی ژیانە لە گەلی کورد."
'نابێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بێدەنگ بێت'
ئولالیا ڕێگوانت لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە هەوڵی زیندوو کردنەوەی هەژموونی عوسمانییە لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاند کە نابێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگی هەڵبژێرن،
دەوڵەتی تورک ژێرخانی مەدەنی و سەرچاوەی وزە و ناوەندەکانی ئاویی هاوڵاتیان بە ئامانج دەگرێ و دەیەوێت دۆخی ژیانی هاوڵاتیان قورس بکات و ناچاریان دەکات دەست لە شوێن و ماڵی خۆیان بەردەن و کۆچ بکەن. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێویستە سەرنجی لەسەر ئەو شتانە بێت کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و ڕاشکاوانە رێگریی لە سیاستەکانی دەوڵەتی تورک بگرن."
'پێویست بە و وریایی و دیقەت هەیە'
ئۆلالیا جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گرنگ بوو، بەڵام مرۆڤ دەبێت سەبارەت بە حکومەتی هەتەشە وریا بێت و وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی کردەوەکانی ڕابردوو و ئێستای هەتەشە، دەبێت مرۆڤ بە هۆشیارییەوە نزیک بێتەوە. ئێمە دەزانین کە هەتەشە مێژوویەکی ئیسلامی توندڕەوی هەیە، هەروەها بینیمان ئەم گروپە جیهادییانە لە ڕۆژئاوا و کۆبانی کۆمەڵکوژیان کرد. بۆیە دەبێت هەموو ئەمانە بۆ داهاتووی سووریا لەبەرچاو بگیردرێت."
'پێویستە مۆدێلی ڕۆژئاوا لە هەموو سووریا پەرە بدرێت'
ئولالیا لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ پێویستە سیستەمی ڕۆژئاوا بپارێزرێت و وەک مۆدێلێک بۆ داهاتووی سووریا هەژمار بکرێت، هاوکات گرنگە سیستەمی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا ببێتە مۆدێلێک بۆ هەموو سووریا. ئامانج گۆڕینی سووریایە بۆ مۆدێلێکی دیموکراتیک و هەمەچەشنی کە لە حکومەتی داهاتوودا مافی هەموو نەتەوە و توێژەکان مسۆگەر بکات. بنیاتنانی دەوڵەتێکی تر جگە لەمەش نەک دیموکراسی بۆ ناوچەکە ناهێنێت، بەڵکوو زیاتر نائارامی دەخوڵقێنێ و وتی: "مۆدێلی ڕۆژئاوا سەرچاوەی هیوایەکی گەورەیە، نەک تەنها بۆ سووریا و ناوچەکە، بەڵکوو بۆ تورکیاش هیوایەکی گەورەیە."