ژنان لە دوسلدۆرف کۆبوونەوە: کاتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە

لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا، لە کۆڕبەندی "ئازادی سەردەکەوێت"، گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵمەتی ئازادیی، تیۆری وهەنگاوە کردارییەکان سەبارەت بە ئازادیی ژنان تاوتوێ کران.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە ١٠ ی تشرینی یەکەم لە سەرانسەری جیهان دەستی پێ کرد، لە دوسلدۆرف کۆڕبەندێک بە ناونیشانی "ئازادی سەردەکەوێت" بەڕێوەچوو.

لە کۆڕبەندەکەدا ماوەی ٢٥ ساڵ زیندانیکردن و بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەسەرکرا. بە تایبەتی سەبارەت بە هێڵی ڕێکخستن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی ئیمراڵی وتووێژی لەبارەوە کرا.

لەکۆڕبەندەکە زیاتر لە ٣٠٠ ژن لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، سویسرا، سوید و چەندین ناوچەی دیکەی ئەوروپا بەشدارییان کرد.

جگە لە ڕێکخراوەکانی ژنانی کورد وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەورووپا، کەژار، تێکۆژن، فێدا و ڕێکخراوی ژنانی ئێزدی، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەوروپی بۆ پشتیوانی کوردان لەوانە کۆلەکتیڤی ڕۆژئاوا- ئازادی، بەشدارییان لەو کۆڕبەندەدا کرد.

دانیشتنی یەکەم لەلایەن گوڵستان ئیکە بەڕێوەبرا، تێیدا بە نوێنەرایەتی تەژەکە-ئە، گۆنول کایا، ڕوانگەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ ئازادی ژنان و کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نرخاند.  گۆنول کایا ئاماژەی بەوەدا، گۆشەگیری تەنها لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پارادایمەکەی و تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکرێتە ئامانج.

لەمیانەی کۆربەندەکەدا ڕازییە ئۆزتورک لە نووسینگەی یاسایی ئەسرین قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو گۆشەگیرییەی کە ٢٥ ساڵە بەردەوامە هەم لەبواری یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا بوونی نییە و ڕایگەیاند کە تانەکانیان ئەنجامی نەبووە. ڕازییە ئۆزتورک ڕەخنەی لە بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان گرت بەرامبەر گۆشەگیری، بەتایبەتی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی. پی. تی.).

لە دانیشتنی دووەمدا، زۆربەی ڕێکخراوەکان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریکردن لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرین خستەڕوو. بەتایبەت مەجلیسی ژنانی ئێزیدی، دامەزراوەکانی ژنانی کورد لەوانەش یەکێتی ژنانی عەلەوی دیموکراتیکی ئەوروپا، پلاتفۆرمی  سەرهەڵدانی ژنانی فەرەنسی، کۆڵەکتیڤی ڕۆژئاوا-ئازادی، ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەتەلۆنیا، وڵاتی باسک، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆماو - دایکانی شەهیدان، ئەکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە دانیشتنی دووەمدا نرخاندنیان کرد.

پاشان ئەنجامنامەکان خوێندرایەوە. لە میانی خوێندنەوەی ئەنجامەکاندا، سەرجەم بەشداربووان پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان هەڵگرت و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە.

ڕۆژەڤی سەرەکی بریتییە لە شکاندنی گۆشەگیری

لە ئەنجامنامەکەدا گوترا: "هەڵبەت وەک ژن ئازادی خۆمان و ئازادی گەلان لە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینین. پاراستن و مسۆگەرکردنی کەسێتی ژنی ئازاد، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوەی دیوارەکانی ئیمراڵیەوە هەیە".

هەروەها گوترا: "ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمە شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی و بەدەستهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە".

 لە درێژەی ئەنجام نامەکەهاتووە: "ئێمە باوەڕمان وایە و بانگەشەی ئەوە دەکەین کە بە بیرۆکە و پارادایمی ئازادیخوازانەی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانین ئەم سیاسەتە خوێنڕێژە بوەستێنین و ژیانێکی ئازاد بنیات بنێین. سەرەتا مەجلیس و کۆمۆنەکان و سەرجەم تۆڕە ڕێکخراوەیەکانمان بەشداری هەڵمەتی ١٠ی تەشرینی یەکەم بکەین. با بە هەموو هێزمانەوە چالاک و هەستیار بین. ئێمە دەڵێین کاتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ سەرمایەداریی مۆدێرن و هەموو سیاسەتەکانی پاکتاوکردن تێکدەشکێنێت".

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیە کۆتایی هات: "لە ئەمڕۆ بەدواوە تێکۆشانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و پێکهێنانی شۆڕشی ژنان مەزنتر دەکەین. داوا لە هەموو تەڤگەرەکانی ژنان دەکەین بەشداری هەڵمەتەکە بن".