زیندانیکراوی نەخۆش پاش ٣١ ساڵ ئازادکرا: بەردەوامم لەسەر تێکۆشان

زیندانیکراوی نەخۆش جەنگیز ئەکەر پاش ٣١ ساڵ لە زیندانی شاکران ئازادکرا، گوتی: "لە کاتی گرتنمەوە تا ئێستە، لەسەر بەڵێن و تێکۆشانەکەم بەردەوامم".

زیندانیکراوی نەخۆش جەنگیز ئەکەر پاش ٣١ ساڵ لە زیندانی ئاسایشی باڵای ژمارە ٣ ی شاکران لە ئەزمیر ئازادکرا. لەبەردەم زیندان لەلایەن بنەماڵەکەی و کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە کەسوکاری زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ و ئەندامانی دەم پارتییەوە پێشوازی لێ کرا.

ئەکەر ڕایگەیاند لە ڕۆژی گرتنییەوە تا ئێستە لەسەر بەڵێن و تێکۆشانەکەی بەردەوامە، گوتی: "ڕەوشی زیندانیان باشە، مۆراڵیان بەرزە. بەهیوام هەموو هەڤاڵانمان دەستبەجێ ئازادبکرێن".

ئەکەر لەبەردەم زیندان پێشوازی لێ کرا و بەرەو شاری ئیدر بەڕێکرا.

ئەکەر ساڵی ١٩٩٣ لە گوندی بێری لە ئیدر بە ئەشکەنجەوە لەلایەن سوپای تورک دەستگیرکرا، بە تۆمەتی "تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی دەوڵەت" سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. لە ٢٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٣ سزاکەی تەواوکرد، شاندی چاودێری زیندان ساڵێک ئازادکردنی دواخست.

ئەکەر ٣ خوێنبەری گیراوە و نەخۆشی دڵی هەیە، چەند جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوە. هەروەها نەخۆشییەکانی گەدە و برینی سینگ و هەناسەتەنگی هەیە، لە زیندان نەشتەرگەری پرۆستاتی بۆ کراوە.