حورا نیکبەخت، مامۆستای زانکۆ و زیندانی سیاسی، لە ٢٣ی نیسانەوە بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان دژی سزای لەسێدارەدان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد، بە ئیرادەوە درێژە بە چالاکییەکەی دەدات. نیکبەخت ڕایگەیاندووە بە هۆی مانگرتنەکەیەوە ١٠ کیلۆ لە کێشی کەمی کردووە و تادێت باری تەندروستی بەرەو خراپی دەچێت.
جێی ئاماژەیە حورا نیکبەخت لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگای گشتیی شۆڕشی ئێڤین، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستەم" و "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری ئایینی ئێران" بە یەک ساڵ زیندان سزادرا. نیکبەخت بە هۆی مانەوەی لە زیندان تووشی کێشەی تەندروستی قورس بووە بەهۆی شێرپەنجەی منداڵدانیەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی کورد و ئێرانی لە ئێران لە سێدارە دراون. جگە لە حورا نیکبەخت، زیندانیانی ژن نموونە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، شەریفە محەممەدیش ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە. داوا لە ڕای گشتی جیهانی کراوە کە گرنگی بە دۆخی زیندانیانی مانگرتوو کە لە مەترسی لەسێدارەداندان بدەن.
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراوەتەوە لانیکەم ٢٣٠ کەس لە ماوەی سێ مانگی یەکمی ئەمساڵدا لەسێدارە دراون کە هەشت ژنیان تێدایە.