مەزڵوم عەبدی: ئامادەین بۆ درووستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک لە کۆبانێ

فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئامادەین بۆ خستنەڕووی پێشنیارێک تایبەت بە درووستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک لە شاری کۆبانێ".

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی ئێکس (توویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە. پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی بەم جۆرەیە:

"بۆ جەختکردنەوە لە پابەندبوونمان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا، ڕایدەگەیەنین کە ئامادەین بۆ خستنەڕووی پێشنیارێک تایبەت بە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام و داماڵراو لە چەک لە شاری کۆبانێ، لەگەڵ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی و هەبوونی لایەنی ئەمریکییدا.

ئامانج لەم دەسپێشخەرییە ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و مسۆگەرکردنی سەقامگیرییە لە هەرێمەکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی".