ڕێپێوان لە وان: بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان، ئاشتی دەئافرێنین

ژنان لە وان بە پێشەنگایەتی تەژەئا ڕێپێوانیان کرد. وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو گوتی: "پێکەوە ژیانی ئازاد و یەکسان لەم وڵاتە بنیات دەنێین. بە تێکۆشانی خۆمان، ئاشتی دەئافرێنین".

ڕێپێوانی ژنان

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و بەشداری وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو لە وان ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بە تێکۆشانی ئازادی ژنان، ئاشتی ڕێک دەخەین" پێکهات. چەندین ژن بەشداربوون. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو خوێنرایەوە.

نەزلیهان شەدال تیشکی خستەسەر بەرخۆدان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و گوتی: "با بزانن ئێمە هەرگیز سەر نەوی ناکەین و تێدەکۆشین. قەیوم دوژمنی ژنانە، قبووڵ نەکردنی ئیرادەی ژنانە. لە هەموو جێیەک وەک ژنان خۆمان ڕێک دەخەین".

"تێکۆشانی ئازادیی ژنانمان، قەیوم قبووڵ ناکات"

خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند دەیانەوێت لەڕێگەی قەیومەوە ئیرادەی ژنان بشکێنن، بەڵام گەلی کورد و ژنان سەر نەوی ناکەن و تێکۆشان مەزنتر دەکەن، گوتی: "بە تێکۆشانی ٨ ی ئادار خۆمان ڕێک دەخەین و تێکۆشان دژی قەیوم بەبنەما دەگرین. تێکۆشانی ئازادیی ژنانمان، قەیوم قبووڵ ناکات، چونکە ناکۆکە لەگەڵ ئیرادەی گەل و ژنان و دیموکراسیی خۆجێی".

خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند دیالۆگ و چارەسەر بە هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و بە دانوستان لەنێو هەلومەرجی یەکساندا دێتەدی، گوتی: "ئەو چارەسەرەی بەڕێز ئۆجالان بۆ دیموکراتیکبوونی ئەم وڵاتە دەیخاتەڕوو، ئاشکرایە. باس لە چارەسەرێک دەکەین کە داخوازییەکانی گەلی کورد و تورک و ژنان و هەموو دیموکراسیخوازان بەیەک دەگەیەنێت. پێویستە ئەم وڵاتە دیموکراتیک بێت. پێویستە تورکیا دەست لە سیاسەتی قەیوم هەڵبگرێت. لەم وڵاتە تاوەکو دیموکراسی بەتاڵ بکرێتەوە، تا هەوڵی نکۆڵی بدرێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت. تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت، دیموکراسی ناگاتە ئەم وڵاتە".

خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لەنێو هەلومەرجی گونجاودا دیالۆگ و دانوستان بکات، ئەرکی هەمووانە پشتگیری لە تێکۆشانی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ بکەن، گوتی: "ئەم پەیامی ئاشتییە دەگەیەنین بە ٨ ی ئادار. ژن و کورد، دیموکراسی دەکەنە دیاری بۆ ئەم وڵاتە. پێکەوە، ژیانێکی یەکسان و ئازاد بۆ ئەم وڵاتە دەهێنین. فشارەکان هەرچەند بن، سەر نەوی ناکەین. بە تێکۆشانی ئازادیی خۆمان، ئاشتی بنیات دەنێین".

دواتر ژنان بە بەرزکردنەوەی درووشم تا بەردەم بینای دەبەپە ڕێپێوانیان کرد.