یاسای کۆماری تورکیا و گەلی کورد

لێدوانی وەزیری دادی کۆماری تورک یەڵماز تونچ، کە دەربارەی ڕاگەیاندراوی ڤیدیۆیی گوتبووی "لەگەڵ یاسا ناگونجێت" ڕووی ساختەچییانە و فێڵبازانەی ئاکەپە بەرامبەر پرۆسەکە بەڕوونی نیشان دەدات.

ئاشکرایە دەسەڵاتی ئاکەپە خەریکی پاساوداتاشینە. بۆ ڕێگرتن لەو پرۆسەی گۆڕانی دیموکراتیکەی کە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، یان لاوازکردن و ئاوەژۆکردنەوەی ئامانجەکانی، هەموو شتێک دەکات. لەم چوارچێوەیەدا پەنا بۆ هەموو هێرش و ئاژاوەگێڕییەک دەبات. وەها دەردەکەوێت، پێشهاتەکانی ئێستە بەدڵی ئاکەپە نەبن. پەکەکە و کورد و هێزە دیموکراتەکان، زیاتر لە چاوەڕوانیەکانی ئاکەپە، خاوەنداریان لە گۆڕانی دیموکراتیک کرد. دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و پەیامەکان، جۆش و پشتگیرییەکی مەزنی بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ ئەمەش دەسەڵاتی ئاکەپە هەوڵدەدات ئەم ڕاستییە لاواز بکات.

ئاکەپە بۆ تێکدانی پرۆسەکە، هێرشی بۆ سەر بەنداوی تشرین و تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کرد. کاتێک بینی کە ئەمە بەس نییە، زمانی ژەهراوی بەکارهێنا بۆ تێکدانی پرۆسەکە لە ڕێگەی ڕێبازەکانی شەڕی دەروونییەوە. وەک ئەوەی ئەمە بەس نەبێت، ئەمجارەیان قەیومی بۆ شارەوانیەکان دانا. دڵی بەمەش ئاوی نەخوارد و دەستی کرد بە هێرشی قڕکردنی سیاسی دژ بە هەدەکە. با سەرنج بدەین، لە کاتێکدا کە هەرێمەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان داگیردەکرێن، لەکاتێکدا کە هاوسەرۆکانی هەڵبژێردراوی شارەوانی لەکار دووردەخرێنەوە و قەیوم لە شوێنی ئەوان دادەنرێن، و هێرش بۆ پەکخستنی خەباتی هەدەکە دەکرێن، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا دیموکراتیک ببێت؟ ئۆپەراسیۆنی دژی هەدەکە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠٠٩ی دژی کەجەکەیە. هەوڵ دەدات نەهێڵێت سیاسەتی دیموکراتیک بگاتە جەماوەر و لە سەرتاسەری تورکیا بڵاوببێتەوە.

ئێستە وەختێک ئەم هەوڵانە بۆ ڕێگری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گۆڕانی دیموکراتیک، سەری نەگرت، ئەمجارە وەزیری دادی کۆماری تورک یەڵماز تونچ دەربارەی ڕاگەیاندراوی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "لەگەڵ یاسادا ناگونجێت". بەکورتی دەڵێت، یاسای تورکیا لەگەڵ ئەمەدا ناگونجێت. بۆیە دەبێت ئەم ڕاگەیاندراوە "بەشێوەی نووسراو" بێت. ئاشکرایە دەیانەوێت ڕابردوو دووبارە بکەنەوە و ڕێبازی فرتوفێڵ درێژە پێ بدەن.

بەڵام دواتر وتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی ئۆزتورک تورکدۆغان دەڵێت "ئەو بۆچوونەی دەڵێت لەگەڵ یاسادا ناگونجێت، ناڕاستە. یاسا ڕێگە دەدات کە ڕێبەر ئاپۆ پەیامی ڤیدیۆیی بدات". واتە تێکەڵی‌وپێکەڵییەک لەمەدا هەیە. ٢٧ ساڵە لە ئیمراڵی یاسا جێبەجێ ناکرێت و دەیانەوێت درێژە بەمە بدەن. بۆ نموونە با بڵێین، چوارچێوەی یاسای ئێستەی کۆماری تورکیا، وەک ئەوەی وەزیری داد بانگەشەی بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەدا "ناگونجێت" کە ڕێبەر ئاپۆ پەیامی ڤیدیۆیی بدات. باشە، لە بناغەدا ئەمە چ دەگۆڕێت؟

پێش هەموو شتێک، هەمووان دەزانن کە بەرپرسانی پەیوەندیداری دەوڵەت ڕایانگەیاندووە کە پەیامێکی ڤیدیۆیی دەبێت. ئێستەش وەزیری داد ئەم قسەیە دەکات. لەلایەکی ترەوە، ڕاگەیاندراوی نووسراو لەوانەی پێشوو شتێکی زیاتر نابێت و تەنها دووبارەکردنەوە دەبێت. هەروەها ڕوونە کە ئەم جۆرە ڕاگەیاندراوانە لە ڕابردوودا ئەنجامیان بەدەست نەهێناوە. بۆیە هەمووان پێیان وایە ئەو ڕاگەیاندراوانەی بەم شێوەیە پلانی بۆ دادەنرێت، وەک ڕاگەیاندراوەکانی پێشوو بێکاریگەر دەبێت. بە هۆی ئەو زانیارییانەی کە "ڕاگەیاندراوەکە بەشێوەی ڤیدیۆ دەدرێت"، چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیەی لای کۆمەڵگەی کوردی و ڕای گشتی دیموکراتیک دروست کردووە. ڕوونە کە ڕاگەیاندراوی ناڤیدیۆیی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کورد و ڕای گشتی دیموکراتیک نابێت و قبوڵ ناکرێت.

هەروەها سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، کە یەکەمجار بە لێدوانەکانی ڕێگەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرۆسەیە کردەوە، بۆ ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها لە ڕێگەی ڤیدیۆییەوە، بەڵکو وتی، "با بێت و لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات". هەموو شتێک لەم بانگەوازەوە دەستی پێکرد. باشە، کاتێک دەوڵەت باخچەلی ئەم بانگەوازەی دەکرد، ئایا نەیزانی کە چوارچێوەی یاسایی ئێستای کۆماری تورکیا بۆ ئەمە گونجاو نییە؟ بێگومان ئەو دەیزانی و بە زانابوون ئەم بانگەوازەی کرد. بۆیە دەوڵەت باخچەلی ئەم بانگەوازەی لە پێشبینی گۆڕینی چوارچێوەی یاسایی ئێستادا کرد. کەچی وەزیری داد لەبری گۆڕینی چوارچێوەی یاسایی، لە چەند ڕۆژی کۆتایی پێش ڕاگەیاندنەکە دێت و دەڵێت، "بەپێی یاسا گونجاو نییە" ئەمە بە ڕوونی وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنەکە سەیر دەکرێت.

هەرگیز لە ئیمراڵی یاسا جێبەجێ نەکراوە. ساڵانێکە ڕێگە بە بنەماڵە و پارێزەران نادرێت سەردانی ئیمراڵی بکەن. ئایا ئێستا وەزیری داد مەرجەکانی چوارچێوەی یاسایی بیرکەوتووەتەوە؟ جگە لەوەش، ڕێک سەد و یەک ساڵە، لە ساڵی ١٩٢٤ەوە تا ئێستا لە یاسای تورکیادا جێگەی کورد نەبووە. دەستوور و یاساکانی تورکیا کورد بە نەبوون دەزانن و لەناوبردنی کوردیان بەبنەما گرتووە. بەمەش ڕایدەگەیەنێت کە هەموو کەسێک لە سنوورەکانی کۆماری تورکیا تورکە و بڕیار دەدات کە دەبێ وا بێت. بۆیە ئاشکرایە کە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کوردی ئازاد دەکات، لەگەڵ ئەم یاساییانە ناگونجێت. بۆیە ئەگەر بڕیارە ڕێبەر ئاپۆ کارێک بکات، تەنها بە هەموارکردنەوەی دەستور و یاساکانی ئێستا ڕێی تێ دەچێت. بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ سیاسەت بکات، پێویستە چوارچێوەی یاسایی ئێستا بگۆڕن.

چوارچێوە یاساییەکانی ئێستە ئەمە سەد و یەک ساڵە بە چەمکەکانی وەک "چەتە، یاخی، جوداخواز، خیانەتکار، دوژمنی گەل و وڵات و هتد" پێناسەی کورد دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە کوردەکان لەسێدارەدراون و کوژراون و ئاخنراونەتە زیندان و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئاسیمیلاسیۆن بوونەتەوە. بەکورتی ڕووبەڕووی قڕکردن بوونەتەوە. لەگەڵ ئەم کارانەشدا هێشتا نەیگوتووە "کورد"، بەڵکو بە چەمکی درووستکراوی وەک "تورکی چیایی" و هتد، کوردی پێناسە کردووە. بۆ نموونە، عیسمەت بۆزکورت گوتوویەتی، هەرکەسێک تورک نەبێت، دەبێت کۆیلە و خزمەتکار بێت.

ئێستە "بنیاتنانی خوشک و برایەتی کورد و تورک" بەم چوارچێوە یاساییانە و بەم ڕەفتارانە نابێت. یان دەبێت چوارچێوە یاساییەکان بەگوێرەی خوشک و برایەتیەکی ڕاستەقینە دابڕێژرێنەوە، یان هەر شتێک لەسەر بناغەی ئەم چوارچێوە یاساییانە دەگوترێن درۆ و فریودانن. بەم چوارچێوە یاساییانەی ئێستە، بانگەواز لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، ڕاگەیاندراوی هەبێت. ئەمە واتای تەسلیمبوون دەگەیەنێت. ئەمە ٢٧ ساڵە، هەموو ڕۆژ و ساتێک ئەمە دەکەن، هەموو کاتێکیش ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدان وەڵامی داوەتەوە.

بەڕاستی مرۆڤ بەرامبەر گوتن و هەڵوێستی لایەنگرانی ئاکەپە هەست بە شەرم دەکات. بۆ نموونە، باس لە "چارەسەری پرسی پەکەکە" دەکەن. بەڵام بەپێی ئەم چوارچێوە یاساییانە و ئەم زیهنیەتەی ئێستە، چۆن دەیکەن؟ چۆن پەکەکە بەو مەزنییەوە دەخەنە نێو چوارچێوەیەکی یاسایی بەرتەسکی لەم جۆرە؟ پەکەکە، واتە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمێکی جیهانی بەرامبەر سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. پەکەکە واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک و نوێ. پەکەکە واتە کوردی ئازاد و کوردستانی دیموکراتیک. باشە، ئەگەر دەوڵەتی تورک حیساب بۆ هەبوونی کورد نەکات و هەوڵی لەناوبردنی کوردێتی بدات، چۆن پەکەکە دەگرێتەخۆ؟ ئاشکرایە بەبێ گۆڕینی چوارچێوە و دەستوور و یاساکانی ئێستە، بانگەوازی یەکێتی و خوشک_برایەتی لە کوردان، هاومانایە لەگەڵ بانگەوازی "تۆ لەناودەبەم".

لە ئەنجامدا، لێدوانی وەزیری دادی کۆماری تورک، یەڵماز تونچ، کە دەربارەی ڕاگەیاندراوی ڤیدیۆیی گوتبووی "لەگەڵ یاسا ناگونجێت" ڕووی ساختەچییانە و فێڵبازانەی ئاکەپە بەرامبەر پرۆسەکە بەڕوونی نیشان دەدات. ئەگەر دەسەڵاتی ئاکەپە پێی وابێ بەم ڕێبازانە کورد فریو دەدات، ئەوا خۆی فریو دەدات. ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت بە هەموو جۆرێک ڕاگەیاندراو و پەیامی هەبێت، هیچ کێشەیەک لەمەدا نیە. بەڵام نزیکایەتی دەسەڵاتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک لەسەر بناغەی فێڵ و ساختەکاری، چەندێک زیان بە کورد بگەیەنێت، چەندان هێندە زیان بە کۆمەڵگەی تورکیا دەگەیەنێت. چونکە لە بناغەوە هەڵدەوەشێتەوە، هەم دەوڵەتی تورک و هەم کۆمەڵگەش. کوردەکان تا ئێستە بە تێکۆشان و قوربانیدانی مەزن هەموو شتێکیان بەدەستهێناوە، لە ئایندەشدا تێکۆشانێکی بەهێزتر دەکەن. بێگومان، نەوەک هەر بە ڤیدیۆیەک دەنگی ڕێبەر ئاپۆ دەبیستن و دەیبینن، بەڵکو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێکدەهێنن تا بتوانن هەموو ڕۆژێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی پێوە بکەن.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا