٢٠ساڵ لێکۆڵینەوە لەسەر کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست

کتێبی نووسەر و لێکۆڵەر ئەرداڵ چۆلاک تیشک دەخاتە سەر مێژووی کورد لە کوردستان هەتا ئەنادۆڵی ناوەڕاست.

کتێبەکە بە ناوی 'کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاستی کوردستان ئەو کەسانەی لە شوێن وحاڵی خۆیان لە ئەنادۆڵ دەربەدەر کراون: مێژوویەکی هاوبەش'، بە ٢٠ ساڵ لێکۆڵینەوە، کۆکردنەوە، چاوپێکەوتن و تۆماری مێژووی زارەکی ئامادەکراوە.

نووسەر و لێکۆڵەر ئەرداڵ چۆلاک لەسەر بەسەرهاتی مێژوویی کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست مۆرکی خۆی لەسەر ئەم کتێبە داناوە بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانەوە.

لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە دەست پێدەکات و باس لە شەپۆلەکانی بەکۆچکردنی کوردان دەکات بۆ ئەنادۆڵی ناوەڕاست و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە لەگەڵ ئەم کۆچکردنەدا دەستی پێکردووە. نووسەر لە کتێبەکەدا هەم شوێنپێی ئەو کوردانە هەڵدەکات کە لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێیەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و هەم ئەو پێکهاتە کوردانەی کە سەردەمانێک لە ئەنادۆڵی ناوەڕاستدا ژیانیان کردووە دەگرێتە دەست.

لە بابەتێکی دیکەدا نووسەر سەرنج ڕادەکێشێتە سەر بوونی کورد لە ئەنادۆڵ کە بە کۆچی زۆرەملێ دەستی پێنەکردووە. نووسەر لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە بە درێژایی مێژوو کورد لەسەر ئەم خاکە دەوڵەتی بنیاتناوە و کولتوورێکی خوڵقاندووە و شارستانیەتێکی بنیات ناوە."

هەروەها کتێبەکە بە بەڵگەنامە مێژووییەکان سەر راستی دەکاتەوە کە سوبار، گوتی، هوری، کاسیت، میتانی و مادەکان بە ڕەچەڵەک کوردن و کورد لە سەردەمی پێش مێژووەوە لە ئەنادۆڵ ژیاوە.

ئەرداڵ چۆلاک جگە لە لێکۆڵینەوەی مەیدانی، بۆ کتێبەکەی پشتی بە چەندین سەرچاوە بەستووە، لەوانەش مێژووی بیزانس، نووسەرانی ئیسلامی، گەشت و گەشتیارانی ئەوروپا و ئەرشیفی عوسمانی.

لە بەرهەم ‌هێنانی کتێبەکەدا لە ١٣شار و ٥٠ ناوچە و نزیکەی ٧٠٠ گوند توێژینەوەی مەیدانی ئەنجامدراوە. لە چوارچێوەی توێژینەوەکەدا بەسەدان کۆبوونەوە و دانیشتن بەڕێوەچووە.

کتێبەکە ٥٣٠ لاپەڕەیە، لەلایەن بڵاوکراوەکانی ڕۆنیا چاپکراوە. شایانی باسە کتێبەکە هەم وەک بەرهەمێکی زانستی و هەم وەک میراتێکی کولتووری بەهەرەیەکی تایبەت دەبەخشێ.