هێڤین سلێمان: سیستمی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دیسان بۆتە نموونە

هێڤین سلێمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەڵەب، ڕایگەیاند کە سیستەمی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بووەتە نموونە لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند ئەمە لە سایەی بەرخۆدانی چەندین ساڵەوە بەدیهاتووە.

هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، یەکێک لەو گەڕەکانەی کە بۆ ئازادی دەنگیان بەرز کردەوە و دەستیان بە تێکۆشان کرد، گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بوو. بە تایبەتی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ساڵی ٢٠١١ـەوە کە شۆڕش دەستی پێکرد، بەردەوام پێشەنگایەتی کردووە، دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە هەموو بوارێکدا ڕەنجیاندا و تێکۆشانیان کردووە. لە ساڵی ٢٠١٦ بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی لە دژی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خۆیان بەڕێکخستن کرد و لە منداڵەوە تا گەورە خۆیان بۆ دۆخی شەڕ ئامادە کرد و شانبەشانی شەڕڤانان و ڕۆڵەکانیان لە پێگەکانی شەڕدا خۆیان پاراست. بەم شێوەیە داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.

هێڤین سلێمان هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتیی گەڕەکی شێخ مەقسوود و گەڕەکی ئەشرەفیە، سەبارەت بە تێکۆشان و بەرخۆدانی گەل لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

لە قسەکانیدا، هێڤین سلێمان سەرنجی بۆ گرنگی پرۆسەکە لە سووریا ڕاکێشا و وتی: "ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، پرۆسەیەکی گرنگە بەتایبەت بۆ ئەو گەلەی کە بەساڵانە تێکۆشانی ئازادی دەکات. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەو گەڕەکانەن کە لەدژی هێزە تاریک پەرەست و دڕندەکان بەرخۆدانێکی بێهاوتاییان ئەنجامداوە. لەمێژە مافەکانی گەلی کورد پێشێل کراوە و جیاوازی لە نێوان گەلی کورد و عەرەبدا کراوە.بە هەزاران کورد بێ ناسنامە بوون. سیستەمێکی دڕندە بوو لە دژی گەلی کورد. بەرخۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ساڵی ٢٠١٦ بەرخۆدانێکی مێژوویی بوو و بۆ یەکەمین جار لە سووریا شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی لە دژی هێزە تاریک پەرەستەکان بەڕێوەچوو. لە بەرامبەر ئەو هێزانەدا ژنان، گەنجان و بەساڵاچووان تێکڕا پێکەوە بەشداری شەڕ بوون و بەرخۆدانیان کرد.

پاشان هێڤین سلێمان سەرنجی دایە سەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هاوسەرۆکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی حکومەتی دیمەشق و وتی: "لە ١ی نیساندا ڕێککەوتنێک کە لە ١٤ خاڵ پێکهاتبوو لە نێوان هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی دیمەشق واژۆ کرا. بابەتەکانی پەیوەست بە پاراستن و ئاسایشی دانیشتوانی گەڕەکەکان بە وردی و خاڵ بە خاڵ تاوتوێ کراون. هەروەها بابەتی کۆمەڵایەتی وەک کەسانێک بێسەروشوێن و زیندانی کراون تاوتوێ کراون، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکان کرا. بۆ یەکەمجارە نزیکەی ٢٤٣ کەس لە هەردوو لا ئازادکران و تا ئێستاش کار لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە. هەنگاوی دووەم ئەو کاتە بوو کە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا کشانەوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوە بوو کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە وەک گەڕەکەکانی حەڵەب سەیر بکرێن، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەک دادەمەزرێت و ئەو کار و هاوکارییانەی کە بۆ گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەڵەب دابین دەکرێت، بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەش دابین بکرێت. هەروەها کۆمیتەیەک دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی لە ئیدارە و شارەوانی شاری حەڵەبدا بەشدار بن.

هێڤین سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە گەڕانەوەی بە سەلامەتە بۆ عەفرین و وتی: "لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆی بەرفراوان لەگەڵ شاندی حکومەتی دیمەشق لەسەر ئەم پرسە ئەنجامدراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، هێڤین سلێمان بەرخۆدانی دانیشتوانی هەر دوو گەڕەکەکەی بەبیر هێنایەوە و وتی: "هەروەک چۆن گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا نموونە بوون، ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە چارەسەری قەیرانەکانی سووریادا دەبنە نموونە بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەدڵنیاییەوە ئەم دەستکەوتانە بەسایەی بەرخۆدانی گەل و بەهەزاران شەهید بەرهەم هاتووە.