ڕێگری لە کاروانەکانی هاوکاری لە چەند شارێک شەرمەزارکرا
لە چەند شارێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی ڕێگریکردن لە گەیشتنی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی کەناراوەکان، چالاکی ئەنجامدرا.
لە چەند شارێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی ڕێگریکردن لە گەیشتنی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی کەناراوەکان، چالاکی ئەنجامدرا.
حەسەکە
لە شاری حەسەکە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەبەردەم مزگەوتی خەلیلی گەڕەکی ئەلساڵحیە دەستی پێ کرد و تا گۆڕەپانی شەهیدانی گەڕەکی موفتی بەردەوام بوو.
لەسەر ناوی پێکهاتەکانی شارەکە، عەبدولغەنی عوسۆ ڕایگەیاند ئەوانەی دەستوەردان لە کاروباری سوریادا دەکەن بەرپرسیارن لە تێکدانی یەکڕیزی پێکهاتەکان و شەڕ و پێکدادان، گوتی: "ئەو شتانەی لە کەناراوەکانی سوریا دەقەومێت، درێژەی ئازارێکی کۆنە، ئەم تاوانە و ڕێگریکردن لە هاوکارییەکان، قبووڵ ناکرێت. ئامانجمان تەنها پشتیوانی مرۆییە و تا کۆتایی پشتیوانی گەلەکەمان دەکەین".
شەدادی
ئەنجوومەنی شاری شەدادی خۆپیشاندانێکی ئەنجامدا. بەڕێوەبەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) محێدین دەغام، گوتی: "پشتگیری گەلی کەناراوەکانی سوریا دەکەین و هێرشەکانی سەر گەلەکەمان شەرمەزار دەکەین. ڕێگری لە تێپەڕینی هاوکارییەکان کارێکی نائەخلاقییە و دژی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتییە".
عامودا
سەدان خەڵکی عامودا خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و داوایان کرد ڕێگە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکرێتەوە، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکێتیی پێکهاتەکانی گەلی سوریا. خۆپیشاندانەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی گەلان و داوای ڕێگری نەکردن لە هاوکارییە مرۆییەکان، کۆتایی هات.
تەل حەمیس
خەڵکی تەل حەمیس و دەوروبەری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئاڵای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پانکارتی "تاوانەکان لە کەناراوەکانی سوریا بوەستێنن" و "نا بۆ حکومەتێک کە نوێنەرایەتی عەمشات و حەمزات دەکات"، هەڵگیرا. کۆمەڵکوژی کەناراوەکان لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشقەوە شەرمەزار کرا.