ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق لەسەر ڕۆژەڤی عەفرین کۆدەبنەوە
بەدران چیا کورد، ڕاوێژکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە عەفرین ڕێککەوتوون.
بەدران چیا کورد، ڕاوێژکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە عەفرین ڕێککەوتوون.
دوێنێ شاندێکی حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک سەردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەڵەبیان کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە بەدران چیا کورد و حسێن سەلامە سەرۆکی ئەو کۆمیتەیەی کە حکومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ قەسەدە ئەرکداری کردووە و سید ناسان بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی حکومەتی دیمەشق لە حەڵەب.
لە سەردانەکەدا هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و نوێنەرانی کۆمیتەی حکومەتی دیمەشق بەشدار بوون و لە گەڕەکەکاندا لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا.
بەدران چیا کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و سەردانەکە لە دیجیتاڵ میدیای خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێکەوە باسمان لە شێوازەکانی درێژەدان بە جێبەجێکردنی خاڵە ماوەکانی ڕێککەوتنەکە کرد، هەروەها باس لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی هەردوولا کرا، جگە لەوەش باسمان لە میکانیزمەکانی هاوکاری بەڕێوەبەری نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەردوو گەڕەکی حەڵەب و ئەنجوومەنی پارێزگا کرد.
لەسەر بارودۆخی عەفرین کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجامدرا
هەروەها چیا کورد ڕایگەیاند کە لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەی بۆ گەیشتن بە پلانێکی کاری ڕوون بۆ عەفرین کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجامدرا و ڕێککەوتوون. چیا کورد ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە نێوان ئەو دوو گەڕەکەدا گەشتی کردووە و بۆ دەرکەوتووە کە هەستێکی ئارام لەنێو دانیشتوانی گەڕەکەکاندا هەیە.