شاندی ئەورووپا لەگەڵ مەسەدە و قەسەدە دیداریان کرد

شاندی ئەورووپا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ مەسەدە و هێزەکانی قەسەدە، لە ڕوانگەی سەربازی و سیاسییەوە بارودۆخی ناوچەکەیان هەڵسەنگاند.

ئەمڕۆ شاندی ئەورووپا کە پێکهاتبوون لە ١٢پەرلەمانتاری ئەورووپا لە بەریتانیا و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکدێت، سەردانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد. لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و جێگر و فەرماندەیی گشتی هێزەکانی قەسەدە کۆبونەوە.

لە کۆبوونەوەکان باس لەسەر بارودۆخی گشتی سووریا پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دۆخی ئێستای حکومەتی دیمەشق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق، قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سەر هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە کرا. شاندی ئەوروپا کە پێکهاتووو لە ١٢پەرلەمانتاری ئەورووپا، بەریتانیا و ئەندامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ١٤ی نیسان گەیشتنە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەردانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکیان کرد لە شاری قامیشلۆ.

ئامانجی شاندەکە لە سەردانەکەیان، پێشکەشکردنی هاوکاریی گونجاوە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە ئابوورییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و یەکێتی ئەورووپایە.

هەروەها شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بە بەدواداچوونەکان و ڕێگاکانی هاوکاری لە پرسە هاوبەشەکانی وەک ئاسایش و گۆڕانی کەشوهەوا و ئاوارەکان گرنگی دەدەن.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیری، هاوکاری و پاڵپشتی نێونەتەوەییە.