بە دیمەن

چوارشەممەی سوور بەشێوەیەکی جەماوەری لە شەنگال پیرۆز کرا

بەبۆنەی جەژنی چوارشەممەی سوورەوە لە دۆڵی کەرسێ شەنگال، بەشێوەیەکی جەماوەری و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و گروپە هونەریەکان مەراسیمی پیرۆزبایی بەڕێوە چوو. لەم ئاهەنگەکەدا "ساسێ ئێزی" و گرووپێکی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدار بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممەی سوور ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە یەکەم چوارشەممەی سەری نیسانیان پیرۆز کرد. چوارشەممەی هەفتەی ڕابردووش بەهەمان بۆنەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە جەژن پیرۆز کرا.

ئەمڕۆ بە بۆنەی هاتنی یەکەم چوارشەممەی سەری نیسانەوە، لە دۆڵی کەرسێی شەنگال، بە پێشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال جەژنێکی جەماوەری بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بانگهێشت کرابوون.

هەروەها هونەرمەند ئارهات لە باکووری کوردستان و ئایدن موراد لە دەرەوەی کوردستان و دڵنیا خان و گرووپێکی یارسان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە بانگهێشتی مەراسیمەکە کرابوون.

مەراسیمەکە کاتژمێر ١٤:٠٠بە دروشمی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک وەڵامێکە بۆ ٧٣ی فەرمان (جینۆساید)بە سەر ئێزدییەکان" و دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئیزد خان و تێکۆشەرانی ئازادی دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا پەیامی ئاپۆ لەسەر ئەم بنەمایە "ئەم بانگەوازییە دەبێتە ڕێنێسانسی ئێزدیان" خوێندرایەوە. پاشان نایف شەمو هاوسەرۆکی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) بەناوی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالەوە پەیامێکی پێشکەش کرد و جەژنی چوارشەممەی سووری لە هەموو ئێزیدییەکان پیرۆز کرد.

هەروەها کۆمەڵەی "ساسێ ئێزی" کە لە کۆمەڵێک تەمبووروانی خەڵکی شەنگال پێکهاتووە، بۆ یەکەمجار لەم جەژنەدا هاتنە سەر شانۆ و بەرهەمەکانیان پێشکەشکرد.

پاشان دلنیا خان و هونەرمەندانی یارسان هەروەها هاتنە سەر شانۆ و گۆرانییان پێشکەش کرد.

مەراسیمی پیرۆزباییەکە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر هەتا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو.