هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی دەربارەی ڕەوشی ئۆندەر کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستن

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان ئەمڕۆ دەربارەی ڕەوشی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستن.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند ڕەوشی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر جدییە و هاوسەرۆکانی گشتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان ئەمڕۆ دەربارەی ڕەوشی سری سورەیا ئۆندەر کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستن.

دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت پاش بیستنی هەواڵەکە لە دوێنێ شەوەوە چەندین کەس لە نەخۆشانەکە کۆبوونەتەوە، هاوسەرۆکانی گشتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان و پەرلەمانتارەکانمان ڕوویانکردە نەخۆشخانە.

هەروەها جەختکراوەتەوە لە دوێنێوە ئەردۆغان ٢ جار پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کردووە و پرسیاری دەربارەی ڕەوشی ئۆندەر پرسیاری کردووە، گوتویەتی "هەرچی پێویستە بیکەن". سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتی ئی پارتی موساوات دەرویش‌ئۆغلو، سەرۆکی گشتی پارتی سەعادەت مەحمود ئاریکان، سەرۆکی گشتی پارتی دەڤا عەلی باباجان، سەرۆکی گشتی پارتی گەلەجەک ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆکی گشتی ئەمەپە سەید ئاسڵان، سەرۆکی گشتی پارتی وەتەن دۆغو پەرینچەک، نوێنەرانی ئاکەپە، سەرۆکی گشتی پەدەکە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندیان بە بەرپرسانی دەم پارتییەوە کردووە و هیوایان بۆ باشبوونی ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەر خواستووە.

هەر بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ڕێکخراوە عەلەوییەکان و سەرۆکی گشتی پێشووی جەهەپە موراد کارایالچین و حیکمەت چەتین، سەرۆکی گشتی تیپ و پارێزگاری ئیستەنبوڵ لە ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەریان پرسیووە.

هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتی سەرۆککۆماری پێشوو، عەبدوڵا گول سەردانی نەخۆشخانەی کردووە. سەرۆکی جەهەپە لە ئیستەنبوڵ و ناوچەکانی دەوروبەر، پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، چەندین هونەرمەند سەردانی نەخۆشخانەیان کرد.

بڕیار وایە، سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل ئەمڕۆ کاتژمێر ١٧:٠٠ سەردانی نەخۆشخانە بکات.

لەکۆتاییدا دەم پارتی دەڵێت: "بەرپرسانمان کە لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەر دەکەن، لەسەر ئەم بابەتە زانیاری بە ڕای گشتی دەدەن. هەروەها ئەمڕۆ هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەمان لەم بارەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دەبەستن".