شاندی کەنەکە سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد

شاندی کەنەکە سەردانی ناوەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قەیرانەکانی سووریا و کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵویستی کوردان تاوتوێکرا.

سەردانییەکانی کەنەکە

دوو ڕۆژە شاندێکی کەنەکە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان و لە سەردانییەکانیان بەردەوامن، ئەمڕۆش لە بەردەوامی سەردانییەکانیاندا، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) زەینەب موراد و ئەندامی کەنەکە بێریڤان حەسەن سەردانی ناوەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان لە شاری ڕەقە کرد. شاندی کەنەکە لە لایەن هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری ئەڤین سوێد و حەسەن عوسمان و جێگرەکانیانەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی سووریا و ڕەخنەکان لە دەسەڵاتداری دیمەشق تاوتوێکرا. هەروەها دەڵێن دەبێت مافەکانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و پێكهاتەکانی سووریا بپارێزرێت.

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کرا. دەڵێن کۆنفرانسەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی ئاسۆیی داهاتووی سووریا دیاری بکات.

'ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکان پێشەنگایەتی دەکەن'

شاندی کەنەکە خۆشحاڵی خۆی بۆ چوونە هەرێمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەربڕی، هەروەها سەرنجی خستەسەر ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵگەییدا و وەک مۆدێلێکی پێشەنگ پێناسەی کرد.

'ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ سووریا هیوایە'

هەروەها ئاماژەش بەوەکراوە ئەزموونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری یەکگرتنی کۆمەڵگە بە هێز دەکات و ڕێز لە فرەڕەنگی دەگرێت و سەرکەوتنی ئەزموونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە بەشداربوونی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە و جەختی کردەوە ئەم ئەزموونە دەکرێت لە سەرانسەری سووریادا جێبەجێ بکرێت.

شاندی کەنەکە لە کۆتاییدا پشتگیری خۆیان بۆ پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک وەک ئەرکی وڵاتپارێزی هەڵسەنگاند و ئاماژەیان بەوەدا سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە خزمەتی تەواوی سوورییەکان دەکات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هیوایی سووریایە.