لە باشووری کوردستان لە ناو چوارمانگدا ٣١ پێشێلکاری کراوە
ڕێكخراوی پەیامنێران لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە.
ڕێكخراوی پەیامنێران لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە.
ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ڕاپۆرتی پێشلکارییەکانی چوارمانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ی بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە، هەروەها ڕۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسك ڕێژەوە تەندرووستییان تێكچووە." باس لەوەشكراوە، ڕێكخراوەكەیان یەك حاڵەتی هەڵكوتانەسەر دەزگای میدیایی، چوار حاڵەتی ڕێگری لە تیمی میدیایی لە بازگەی دێگەڵە، دەستگیركردنی شەش ڕۆژنامەنووس و ١١ حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵكردن تۆماركردووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا دەسننیشان کراوە، پێشێلكارییەكان بە پلەی یەكەم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامدراوە، هەروەها پێشێلكارییەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بەشێك لە فەرمانگەكانی حكومەتی بە پلەی دووەم دێن، بەهۆی جیاكاری و پێنەدانی زانیاری بە زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕۆژنامەنووسان تەنیا كێشەی حكومەتیان نییە، بەڵكو كێشەی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە، كە لە پشتی حكومەتەوەیە، كە حكومەتێكی قوڵە و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٧ كارناكات.
لە کۆتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕێگەنادرێت ڕۆژنامەنووسان بە ئازادیی كارەكانیان ئەنجامبدەن و زانیاری بەدەستبهێنن، ئەمەش بە واتای بەرتەسككردنەوەی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین دێت لەو ناوچەیەدا."