ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دووران کاڵکان بۆ مەدیا خەبەر تیڤی قسەیکرد و پەویوەست بە ئاستی ئێستایی پرۆسەکە هەڵسەنگاندنی کرد. چاوپێکەوتنەکەی دووران کاڵکان بەم شێوەیە:
"مانگ و نیوێک بەسەر بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕی. چاوەڕێ دەکرا کە هەلومەرجی رێبەر ئاپۆ بگۆڕێت. لەم ڕووەوە، چ شتێکی تازە هەیە؟
پێش هەموو شتێک سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی و ڕێبەر ئاپۆ دەکەم. بەداخەوە گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامە. هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە کە هیچ گۆڕانکارییەکی جددی کرابێت. وەک ئێوەش وتتان مانگ و نیوێک تێپەڕی. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی مێژوویی کردبوو کە سڵاوی لە هەموو کەسێک کردبوو. چاوەڕوان دەکرا کە پێشکەوتن و گۆڕانکاری پراکتیکی لەم ڕووەوە بکرێت. بەڵام ڕەوشێکی وا نییە. گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامە، سیستەمی گۆشەگیری و قڕکردن لەئیمراڵی بەردەوامە. ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیانێکی ئازاد و کاری ئازاد نییە. دەگوترا لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە ڕوودەدات. هەروەها لە بەرنامەی پێشوودا وتمان و سەرنجمان بۆ ئەوە ڕاکێشا. بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا. تا ئێستا هیچ. لە لایەکی تریشەوە گفتوگۆ لە ئارادایە، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە ڕەوشی ئیمراڵی.
زۆر شت شرۆڤەن، یان بۆ ئامانجی جیاواز دەخرێنەڕوو. ئەوەندەی ئێمە دەزانین و تێدەگەین، دوای ئەوەی بە پراکتیکی وەڵامی بانگەوازەکە نەدرایەوە، ئەمە مشتومڕێکی جددی و قەیرانی لێ کەوتەوە. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پارتەکەمان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان دەربڕیوە. گوتمان، ئەم کارە بەم شێوەیە ناکرێ. ئێمە پێمان وایە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆش هاوشێوەیە. هەندێک دەیانگوت: "نەیویست لە نەورۆزدا پەیام بدات"، بەڵام وا نەبوو. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ تێکنەچوونی ڕەوشەکە هەڵوێست نیشان دەدات و لە ئیمراڵی ڕەوشێکی قەیراناوی هەیە. دەگوترێت، بە ڕاگەیاندراو و دیداری دوایی، ئەم ڕەوشە قەیراناوییە نەماوە. وایە یان نا، تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ڕوونمان نییە. بەڵام خواستراوە، ڕەوشێکی ئەرێنی بە ڕای گشتی پیشان بدرێت.
بێگومان پێویستە ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تاوتوێ بکرێت. هەمووان دەتوانن بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سیستەمی ئیمراڵی و سەبارەت بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد دەرببڕن. بەڵام نابێ بگوترێ 'لە فڵان کەسم بیستووە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی وتووە'. بە واتایەکی تر نابێت کەس بەناوی ڕێبەر ئاپۆوە قسە بکات. پێویستە مرۆڤ ئاگاداری ئەم بابەتە بێت. ئەم ڕەوشە بەدحاڵیبوون دروست دەکات. تەنانەت ڕەنگە هەندێک بیانەوێت ئەمە بەڕێوەببەن. گرنگە مرۆڤەکان لەم بابەتەدا وریا بن. لە لایەکی دیکەوە ڕێبەر ئاپۆ ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانی بوو جێبەجێی کرد، تەنانەت لەوەش زیاتری کرد. بەڕاستی هەمووان سەرسام بوون. ڕوانگەی گشتی ئەوە بوو کە ئەو شتە چاوەڕواننەکراوەکانی ئەنجامدا، ئەوەی کە نەدەکرا بە ئاسانی ئەنجام بدرێت، ئەنجامیدا. ڕاگەیاندراوی لەم جۆرە هەبوون. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کەسێک وردتر و باشتر، ڕاگەیاندراوێکی بۆ چارەسەر خستەڕوو.
بێگومان ئەمە گرنگ و واتادار بوو. بەڵام نابێت مرۆڤ چاوەڕێ بێت هەموو شتێک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە چارەسەر بکرێت و بڵێت بە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەموو شتێک چارەسەر بوو. نابێت چاوەڕوانییەکی وەها هەبێت. ئەم پرسە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە نەئافرێندراوە. لەپشتەوە پرسی کورد هەیە. ئەم پرسە لەلایەن سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نێونەتەوەیی و دەوڵەتی کۆماری تورکیاوە ئافرێندراوە. بە نکۆڵیکردن لە کوردان، بە دەسپێکردنی هێرشی پاکتاو، بە قڕکردنی کوردان ئەم پرسە ئافرێندراوە. بە دوژمنایەتی کوردان، سیاسەت و زیهنیەتێک کە حیساب بۆ کوردان ناکات و هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، ئەم پرسە ئافرێندراوە. ئەمە بنەڕەتی پرسەکەیە. ئەمەش لەسەر بنەمای توندوتیژی بوو. بۆیە چارەسەری پرسەکە لێرەوە دێت. ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن، ئەوانەی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵە کۆمەڵکوژی و قڕکردن دژی کورد دەکەن، دەبێت دەستبەرداری ئەم سیاسەتە و ئەم زیهنیەتە بن. ئەوانەی تەنانەت مافێکی بچووکی هەبوونی کورد قبووڵ ناکەن و دەیانەوێت لە ناویان ببەن، دەبێت دەستبەرداری ئەم کارە بن. ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەم ڕاستییەیان ئاشکرا کرد. خستیانە بەردەم هەمووان. ڕێبەر ئاپۆ وتی: "من ئەم کێشە و پرسەم نەئافراند، ئەوانیتر ئافراندیان . هاتەپێشی من. هەمووان دەیانبینی، بەڵام پەردەپۆشیان دەکرد. من نەمدەتوانی وەک ئەوانیتر لەم پرسە نزیک ببمەوە. من لە شوێنێکی نادیارەوە نەهاتم و بڵێم لێرە پرسێک هەیە. هەروەها بۆ چارەسەرێک خەبات دەکەم". هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکات و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە تەنیا ناتوانێ لە تورکیا ئاشتی بەدی بهێنێت.
شەڕ و ئاشتی لە چەند لایەنێک پێکدێت. بە یەک لایەن نابێ. ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵە هەوڵێکی بێ وێنە دەدات بۆ ئاشتی، بەڵام بە تەنیا چارەسەر ناکرێت. ئازادی و دیموکراسی بەم شێوەیە بەدی نایەت. بە هەوڵی یەک کەس نایەتە دی، دەبێت هەمووان بەشداری بکەن و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەمووان. بۆیە نابێ بگوترێ 'ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەکات، ئەو چارەسەری کرد، چارەسەر دەبێت، بەسە' و نابێت ئەو جۆرە چاوەڕوانیانە لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبکرێنەوە. دروستکردنی ئەم تێڕوانینە هەڵەیە. کۆمەڵگای کورد، ژنان و گەنجانی کورد بەتایبەتی، دەبێ زۆر ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن. دەبێت باش بزانن کێ بەرپرسیارە لەم ئەرکە و چۆن چارەسەر دەبێت، ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی کێ، بەتایبەت بزانن چ ئەرکێکی تێکۆشان دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان و جێبەجێی بکەن.
ئەم ڕەوشە وا دەخوازێت کە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەببرێت. لەسەر ئەم بناغەیە لە ڕۆما کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەڕێوەچوو کە ئەمەش گرنگ بوو. هەروەها پێشهاتەکان هەڵسەنگێندرا. هەروەها ئەوەی کە پێویستە لەمەودوا بکرێت، باسی لێوە کرا. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەو هەوڵەدا. بەڵام دەبێت زیاتر فراوان بکرێت و بڵاو بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانێکدا، لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو گۆشەکانی جیهان بەڕێوە بچێت.
لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا بانگەوازی کۆنگرەش هەبوو. ئەمە بەشێوەی بەرفراوان تاوتوێ دەکرێت. وەک موخاتەبی ئەم بابەتە، ئێوە چ دەڵێن؟
بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ٢٧ ی شوبات، بەڕاستی ناوەڕۆکێکی قووڵ و مێژوویی بوو. زۆر واتادار بوو. کاریگەری لە هەمووان کرد. بەزۆریی کاریگەرییەکی ئەرێنی کرد. هەندێکیش بە نەرێنی کاریگەربوون، دژی وەستانەوە. هەندێکیش بەتوندی تۆمەتبارکردنیان دەست پێ کرد. بەڵام کاریگەری ئەرێنی زیاتر بوو. بۆچی؟ چونکە هەموو کەس نەیدەتوانی ئەم بانگەوازە بکات. هەنگاوێک بوو، هەموو کەسێک نەیدەتوانی بیهاوێژێت. هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی بە هەمووان دەبەخشێت. بانگەوازەکە تەنها لە هەندێک کەس یان هەندێک شوێنی دیاریکراودا سنووردار نەبوو، هەموو کەسێکی ئەم دونیایەی لەخۆگرتبوو. بۆیە کەس ناتوانێت بڵێت ئەم بانگەوازە بۆ من نەبووە. تەنانەت ستەملێکراوترین کەسەکانیش بەهۆی بارودۆخی خۆیانەوە، بوونە موخاتەبی بانگەوازەکە. چونکە ئەم سیستەمە چەوسێنەرە لە ئەنجامی زیهنیەت و سیاسەتی پاکتاوکردن و قڕکردنی کورد بنیات نراوە. بۆیە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەموو ئەمانە دەگرێتەوە. تێکۆشانێکی وەها کاریگەرە. تەنانەت ئەگەر هەمووان لە یەک ئاستدا نەبن، بەڵام هەمووان بوونە موخاتەبی بانگەوازەکە.
وەک تەڤگەر، دەستبەجێ وەڵاممان دایەوە. لە ١ ی ئادار، ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە و هەڵوێستمان نیشاندا. ئاگربەستمان ڕاگەیاند. گوتمان ئەگەر هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێت، ئەمە شیاوی جێبەجێکردنە. گوتمان لەڕووی ناوەڕۆکەوە بەتەواوی بەشداردەبین، بەگوێرەی ئەوە مامەڵە دەکەین. بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو، دووپاتمان کردەوە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئازاددا ژیان و خەبات بکات. بۆچی؟ چونکە تەنها لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەتوانرێت کۆنگرە بگیرێت. ئەو بڕیارانەی دەخوازرێت لە کۆنگرە بدرێت، تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارانە بدات و بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر نا، نە لەنێو تەڤگەرەکەمان و لە دەرەوەش، هیچ هێز و کەس و دامەزراوەیەک ئەو توانایەی نییە. چونکە لەناو تەڤگەرەکان، بەڕێوەبەریی ئێمە، هەموو میکانیزمەکانی دیکە لەسەر شەڕ بنیات نراون، تەنیا دەتوانن شەڕ بکەن. ئەوانەی لە دەرەوەی ئێمەش هیچیان پێ ناکرێت، دەڵێن "با پەکەکە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت". جیهان یەکی گرت بۆ نەهێشتنی پەکەکە، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، پەنا بۆ هەموو ئامراز و شێوازێک، پشتگوێ خستنی پێوەرەکانی ئەخلاقی، ٤٠ ساڵە هێرش دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن. ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر بنەمای 'پلانی چالاکیی لەناوبردن' هێڕش نەماوە نەیکەن، نەیانتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنن، نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئەوان ناتوانن هیچ بکەن. ئەوان نەیانتوانی پەکەکە لەناوبەرن. نەیانتوان بەردەوام بن لە نکۆڵیکردن لە کورد. بۆیە جگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات یان جێبەجێی بکات.
ئێمە لەپشت ئەم دیدگا و ڕاگەیاندراوەین. هێشتاش لەجێی خۆیەتی. ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕی، ئێمە هەندێک هەڵسەنگاندمان کرد، بەڵام بەهۆی گرنگی و ناوەڕۆک و زەحمەتییەکانی پرسەکە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە پراکتیک بدەین، درێژەمان بە پرۆسەکە دا. ڕاگەیاندراوەکانمان بۆ ئەمڕۆش لەجێی خۆیاندان. لەم ڕووەوە، هێشتا شتێکمان پێ نەگەیشتووە نیشانی بدات کە ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەمان پێ دەبەستێت. ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە پێداگرە، ئێمە ئەوەمان بینی. ئێمە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەوەین. بەڵام هێشتا ڕەوشی ئیمراڵی بۆ ئەمە نەگونجاوە.
زیاتر لە مانگ و نیوێک تێپەڕی. گۆشەگیری بەردەوامە، هیچ گۆڕانێک بۆ ژیان و کاری ئازادی ڕێبەر ئاپۆ نەڕەخساوە. سیستەمی ئیمراڵی هەڵنەوەشاوەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت چاوی بە کەس بکەوێت. دەربارەی کۆنگرە دەرفەتی کارکردنی نییە. ئەگەر بە پراکتیکی ئەم دەرفەتە بڕەخسێت، پرۆسەکە باشتر بەڕێوەدەچێت. ئەگەر بەڕاستی دەسەڵات و لایەنەکانی دەوڵەت دەیانەوێت ئەمە بکرێت، ئەوا ئەو هێزەی کە دەڵێت دەیکەم بوونی هەیە، دەبێت ڕێگەی بۆ بکاتەوە، دەرفەتی پێ بدات. ئەویش بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات. بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات. پرسەکەش چارەسەر دەبێت. ئەگەر ئەوەی بەڕاستی دەخوازرێت چارەسەرێک بۆ پرسەکە هەبێت، دەتوانرێت بەم شێوەیە چارەسەر بکرێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر بڵێن ئێمە سیستەمی ئیمراڵی جێبەجێ دەکەین، سیستەمی گۆشەگیری و دیلبوون بەردەوام دەبێت، هاوکات پێویستە تا ڕادەیەک پێویستییەکانی ئەو بانگەوازە جێبەجێ بکرێت، ئەوە ڕوونادات. لە پراکتیکدا ئەوە ڕوونادات. ئێستا دەوترێت کە ئەرێنییە، هەنگاوی پراکتیکی دەگیرێتەبەر، شاندی ئیمراڵیش ڕایانگەیاندووە کە گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ئیمراڵی دەکرێت، کاری یاسایی دەکرێت، مافی هیوا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بە یاسا مسۆگەر دەکرێت. ئێمە بە تەواوی نازانین ئاست و ناوەڕۆکەکەی چییە. بەڵام ئەگەر بەڕاستی ئەمە بێت و ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتی بەستن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی بۆ بڕەخسێت، ئەوا پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێت.
لای ئێمەوە کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، بەپێچەوانەوە، بەردەوام ئاسانکاریمان کردووە. ئەوەی ماوە دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵات و هێزەکانی دەوڵەت. ئەوەی ماوەتەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی ئەم پرسەیان ئافراندووە و ئەم سیستەمە توندەی گۆشەگیری بەڕێوەدەبەن. ئەوان هێشتا موماتەڵە دەکەن. گوتیان چوارچێوەی یاسایی نییە. لە یاسای ئەوروپادا هەبوو، جێبەجێکردنی یاساکانی ئەوروپا لەسەر یاساکانی تورکیا، فەرزە. لە پراکتیکدا دەیانتوانی بیکەن، لەماوەی سێ ڕۆژدا دەیانتوانی هەمواری یاساکان بکەن. دەزانین شتێک نییە کە نەتوانرێت بکرێت. بەڵام هێشتا نەیانکردووە، موماتەڵە دەکەن، دوای دەخەن. ئەگەر وەها بێت و پرۆسەکە بگەیەنن بە بنبەست، خۆیان بەرپرسیار دەبن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبووەوە. نزیکایەتیی دەوڵەت و دەسەڵات بەرامبەر پرۆسەکە چۆنە؟
ئەو کۆبوونەوەیە زووتر ڕاگەیەندرا. دوای ماوەیەکی زۆر، دوای ٢ هەفتە، کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو. مەسەلەی ئەوەی کە ئایا ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت یان نا بووە بابەتێکی گەرم، چونکە زۆری پێ چوو. بەڵام دواجار کۆبوونەوەکە ڕوویدا. بێگومان دیداری سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی گرنگە. ئێمە بە گرنگمان زانی، بە مانادارمان زانی. لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانیش کۆبوونەوە، لەگەڵ سەرۆکی پارتەیاکنی دیکە کۆبوونەوە، لەگەڵ لایەنی جۆراوجۆر کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار کە موخاتەبی سەرەکی دەوڵەت و دەسەڵاتە، بەشداریکردنی سەرۆک کۆمار لەو ئاستەدا گرنگ بوو. ئێمە بە گرنگ و ماناداری دەزانین. دیمەنەکانیش بڵاوکرانەوە. لێدوانەکانیش ئەرێنی بوون، هەمووان پێی کاریگەر بوون. بەڵام لە بەرنامەی پێشووش گوتمان، هیوا و چاوەڕوانییەکان زۆرن، قسە هەیە، بەڵام کردار نییە، هەنگاوی کرداری نییە. ئێستە لێدوان و قسەی ئەرێنی و دڵخۆشکەر هەن، نازانین لە پراکتیکدا چۆن دەبێت. بەڕاستی هیچ لەبارەی ناوەڕۆکەکەی نازانین. ئایا بڕیار لەسەر چەند شتێک دراوە، هیوا و چاوەڕوانییەکان باسکراون، ئەنجامەکانی چۆن دەکەونە پراکتیکەوە، هێشتا هیچ نازانین. بەهیواین ئەرێنی بێت و پرۆسەکە بەرەوپێش ببات.
ئایا موماتەڵە و مەشغوڵکردن هەیە؟
نازانین. لێدوانەکان دەڵێن، موماتەڵە و مەشغوڵکردن نییە. بەڵام هێشتا قسەن. کاتێک پراکتیک هەبوو، دەتوانرێت هەنێک شت بوترێت. بێ پراکتیک، قسە بەس نییە. ناتوانین بەگوێرەی قسەکان هیچ بڵێین. کۆبوونەوە گرنگە، لێدوان و ڕاگەیاندراو گرنگە، بەهیواین پراکتیکیش درێژکراوەی ئەمانە بن، ببنە مایەی چارەسەر. بەڵام دەبێت ڕای گشتی و بەتایبەت ڕای گشتی کورد و ڕای گشتی دیموکراتیک و ژنان و گەنجان بزانن، ئەمانە تەنها لە ئاستی قسەن، لە ئاستی هیوا و چاوەڕوانین. نابێت وەک کردار سەیربکرێن. ڕەنگە هەڵەتێگەیشتن هەبێت، لەپشتی ئەوە شەڕی تایبەت هەبێت. ناچارین هەموو لەبەرچاو بگرین. ناتوانین خۆمان فریو بدەین. دەبێت هەموو شتێک بەباشی هەڵبسەنگێنین. دەکرێ بگوترێ 'کۆبوونەوەی ئەرێنیی هەن، لێدوانی ئەرێنیی هەن، ئەی بۆچی قسەی پێچەوانەی ئەمە دەگوترێ؟' ئێمە لەم ڕووەشەوە هۆکاری خۆمان هەیە. بیانووەکانمان چین؟ یەک؛ شەڕ بەردەوامە. هێرش بەردەوامە. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیمان، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕۆژانە هێرشەکانی سەر گەریلا و ئەنجامی هێرشەکان ڕادەگەیەنێت. ٥ شەهید لە زاپ، ٢ شەهید لە گارە. ڕۆژانە نزیکەی ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ بۆردوومان ڕوودەدات. چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت، فڕۆکە بۆردوومان دەکات. جارێکی تر سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەریلاکانمان. بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە شەهیدانی ئەو هێرشانە بیردەهێنمەوە. لەم هەلومەرجەدا مافی پاراستنی ڕەوا لە بەرامبەر هێرشەکان گرنگ و مانادارە. کەس ناتوانێت لەم بارەیەوە شتێکی جیاواز بڵێت. بەڵام ئەمە چۆن دەبێت، دەزگایەک کە دەڵێت تێکۆشانی چەکداری بوەستێت، چەک دابنرێت، هێرشی سەربازی ئەنجام بدات و شەڕ بەسەر بەرامبەرەکەیدا بسەپێنێت؟ ئەوکات داوای چەکدانان چەندێک متمانەپێکراوە؟ ئەمە جێی گفتوگۆیە. ئەگەر وایە، ئەم هێرشانە بۆچی هەن؟ ئەگەر هێزێک هێرش بکاتە سەر هێزەکەی تر کە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، ئەگەر چەک دابنرێت، ئەوکات چی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا دەهێنێت کە چەکیان داناوە؟ ئێمە نەفام و منداڵ نین، با کەس هەوڵی فریودانمان نەدات. نەوەک هەر هێرشی سەربازی دەسەڵات، هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە و گۆڕەپانی سیاسەتیش. باسی هێرشی قڕکردنی سیاسی دەکرێت. لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا ئەم هێرشە بەردەوامە. لایەنی کۆمەڵایەتی جیاواز و ڕێکخراوی دیموکراتیک دادەخرێن. زیندانەکان پڕکراون. هێرش دەکرێتە سەر ئۆپۆزیسیۆن. فشار و هێرش بۆ سەر جەهەپە و پارتەکانی تر هەیە. هەڤاڵ قەرەسوو گوتبووی، زیهنیەت و سیاسەت و نزیکایەتییەک نەتوانێت تەحەمولی ئۆپۆزیسیۆن بکات، چۆن دەتوانێت دیموکراتیک ببێت؟ چۆن دەتوانێت دەوڵەت و کۆمەڵگە دیموکراتیک بکات؟ بە ڕێگەی دیموکراتیک پرسەکان چارەسەر بکات؟ ڕێی تێ ناچێت. ئەگەر خۆی دیموکراتیک نەبێت، ناتوانێت دیموکراسی بنیات بنێت، کێشەکان بەڕێگەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکات. بۆیە بەڕاستی دەسەڵاتی ئێستەی ئاکەپە_مەهەپە، ئەم پرۆسەیە و دەرفەتەکانی ئەم پرۆسەیە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی بەکاردەهێنێت. بە هەموو جۆرێک هێرش دەکات. دادگا و یاسا وەک چەکێک بەکاردەهێنێت.
بەم نزیکایەتییە دیموکراسی بۆ تورکیا. زیهنیەتێک تورکیا دیموکراتیک نەکات، ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەوانەی کە ناتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن، سیستەمی ئیمراڵی ناگۆڕن، ناتوانن بەشداری ئەو پرۆسەیە بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە. ئەمە ڕوونە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو کۆبوونەوەی دەرەکیش هەیە. بۆ نمونە لەگەڵ عێراق کۆبوونەتەوە. تاکە ڕۆژەڤ 'تیرۆری پەکەکە، بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی پەکەکە'یە. ئایا ئێوە لەگەڵ پەکەکە ڕێککەوتن دەکەن؟ دەتانەوێت پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕاستە، بۆچی بە جیهاندا دەگەڕێن ، سەردانی عێراق، ئێران، ئەوروپا دەکەن، ڕێکەوتنەکانی دژ بە پەکەکە مۆر دەکەن؟ ئەمە بۆ چییە؟ هیچ گۆڕانکارییەک لە زیهنیەت و سیاسەتدا نییە. دژایەتی کورد، نکۆڵی لە کورد، لای دەسەڵات بەردەوامە. ئەمە لە هەموو شوێنێک بەردەوامە. هەوڵی ئەوە دەدەن کورد تەنانەت مافێکی بچووکیشی نەبێت، هەروەها دەیانەوێت کورد لەناوببەن.
بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەن. هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و هەوڵەکانیان لەسەر سوریا ئاشکرایە. لەو کاتەوە تا ئێستە قبووڵکردنی هەبوون و مافی کورد نەبووە. هیچ کەسێک ناتوانێت بەم شێوەیە بەدوای ئەم پرسانەدا بکەوێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێدەکات. بەکورتی بەڵێ کۆبوونەوە هەیە، هەندێک لێدوانی سیاسی هەیە، بەڵام لەڕووی زیهنیەت و سیاسەتەوە هیچ گۆڕانکارییەکی جددی نابینرێت. دەوڵەت باخچەلی سەرەتا هاتەپێش و داوای کرد کە ڕێبەر ئاپۆ بێتە ئەنقەرە و لە پەرلەمان قسە بکات. وتی، دەکرێت ڕووبدات. بەڵام لە ئاستی قسەدا مایەوە. بەڵام هێشتا زیهنیەت و سیاسەتی دەسەڵات نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەبوون و مافە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد قبووڵ بکات. بە زیهنیەتی دژایەتی و دوژمنایەتی کورد، دەتوانرێت چی بکرێت؟ هەڵبەتە تەنها قڕکردن دەکرێت. وەها پرۆسەکە بەڕێوەنابرێت. بەڵێ لێدوانی گەشبینانە هەن، بەلامانەوە گرنگن، هیوا و چاوەڕوانی هەیە، دەڵێن هەنگاودەنێن، بەڵام هێشتا مەشغوڵکردنە، پراکتیک نییە، کاتێک مرۆڤەکان بەڕوونی لە هەموو ئەمانە دەڕوانن، پرسیار دەکەن: چی هەنگاوێک دەنێن؟ لە پراکتیکدا چی دەکەن؟ کەس بەباشی نازانێت و تێ ناگات. ڕەوشێکی نادیار و تەمومژاویی بەردەوامە.
بەردەوامی هەیە...