شارەوانی فلۆرێنس ڕەگەزنامەی فەخری بەخشی بە پەخشان عەزیزی
شارەوانی فلۆرێنسی ئیتاڵیا ڕەگەزنامەی فەخری بەخشی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە زیندانی ئەوین گیراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
شارەوانی فلۆرێنسی ئیتاڵیا ڕەگەزنامەی فەخری بەخشی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە زیندانی ئەوین گیراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
شارەوانی فلۆرێنسی ئیتاڵیا ڕۆژی ١٤ ی نیسانی ٢٠٢٥، بە مەراسیمێک ڕەگەزنامەی فەخری بەخشی بە ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە زیندانی ئەوینی تاران ڕاگیراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. لە مەراسیمەکەدا ڕەگەزنامەی فەخری لەلایەن برای پەخشان عەزیزی، ئاسۆ عەزیزییەوە وەرگیرا.
دووپاتکرایەوە کە ئامانجی بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری بۆ ڕێگرییە لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی.
جێگەی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی ١٩ ی شوباتی ٢٠٢٥ کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە میدیای دیجیتاڵ ڕاگەیاندرابوو، ئەنجوومەنی شارەوانی شاری فلۆرێنسی ئیتاڵیا بە زۆرینەی دەنگ پێشنیاری بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری بۆ پەخشان عەزیزی پەسەند کرد.
ڕۆژنامەنووس چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی لە ٤ ی ئابی ٢٠٢٣ لە تەهران دەستبەسەرکرا، لە ١١ ی کانوونی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی "ئەنجامدانی خەباتی چەکداری دژی حکومەتی ئێران" گیراوە. دادگای شۆڕشی تاران بە هەمان تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی سەپاند. ئەنجوومەنی دادگای باڵای ئێران لە ٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سزای لەسێدارەدانی پەسەند کرد.