کۆماو جەژنی چوارشەممەی سووری پیرۆزکرد

کۆماو جەژنی چوارشەممەی سووری لە گەلی ئێزدی پیرۆز کرد و داوای کرد ئەم جەژنە خزمەت بە کەلتووری پێکەوەژیان بکات.

ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان (کۆماو) جەژنی چوارشەممەی سوور کە جەژنی دێرین و پیرۆزی گەلی ئێزدییە، لە کۆمەڵگەی ئێزدی پیرۆز کرد.

کۆماو ڕایگەیاند ئەم جەژنە دێرینە، دەوڵەمەندیی کەلتووری و ئایینی گەلانی دێرینی میزۆپۆتامیا نیشان دەدات، چەرخی لەدایکبوونەوە و ئاشتی و یەکگرتن و ژیانە، گوتی: " لەم سەردەمەدا کە گرنگی ڕێزگرتنی یەکتر و ئازادی باوەڕ و فرە کولتوری لە نێوان کۆمەڵگاکاندا دەبینرێت، دەبێت ئێمە زیاتر بەشداری لە کەلتووری چوارشەممەی سووردا بکەین."

لە درێژەدا دەڵێت: " "بەرپرسیارێتی هاوبەشی ئێمەیە کە دڵنیابین لەوەی ئازارەکانی گەلی ئێزدی لەبیر نەکرێت و ژیانێکی سەلامەت و یەکسان و ئازاد بۆ نەوەکانی داهاتوو بڕەخسێنرێت. بەو بیر و باوەڕەوە، هیوادارین چوارشەممەی سوور ببێتە ئامرازی ئاشتی و دادپەروەری و سەقامگیری بۆ هەموو مرۆڤایەتی".